شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی: عێراق مافی هەیە سنوورێک بۆ پێشێلکارییه‌كانی توركیا دابنێت

عێراق
11:54 - 2023-09-19


شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی بڵاویکردەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە فڕۆکەخانەی عەربەتی لە سلێمانی بۆردومان کرد، لە سنووری تورکیاوە داخڵی عێراق بووە.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی بۆردومانەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، بۆردومانەکە لە ڕێگه‌ی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە کە لە سنووری تورکیاوە داخڵی عێراق بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “کاتژمێر 5ی ئێوارەی دووشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە سنووری تورکیاوە داخڵی ئاسمانی عێراق بووە و فڕۆکەخانەی عەربەتی لە سلێمانی بۆردومان کرد، بە هۆیەوە سێ قارەمانی دەزگای دژە تیرۆر شەهید بوون و سیانی دیکەش بریندار بوون”.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو “دوژمنکارییە، پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایش و سەلامەتی خاکی عێراقە” و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان، هەروەها پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و بنەما و ئامانجەکانی بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەسفیکرد.

ڕاشیگەیاند، دەستدرێژییە دووبارەکان لەگەڵ بنەمای په‌یوه‌ندیی دراوسێیی دروستی نێوان وڵاتان یەکناگرنەوە و هەڕەشە لەسەر لەباربردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ بنیادنانی پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی باش و هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکانی دروستدەکات.

ڕاگەیاندنەکەی شانەی ئەمنی بە هەڕەشەیەك کۆتایی هاتووە و دەڵێت: “عێراق مافی هەیە سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێت”.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP