ئاسۆ مامه‌ند: هەر کاتێک بەشێکی کوردستانەکەمان بریندار بکرێت کەرکوکییەک خوێنی لێدەچۆڕێت

کوردستان
14:34 - 2023-09-19


په‌یامێك لە هەڤاڵ (ئاسۆ مامەند)ەوە سەبارەت بە کردەوە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت«.

هەر کاتێک بەشێکی کوردستانەکەمان بریندار بکرێت کەرکوکییەک خوێنی لێدەچۆڕێت!»

سەرەتا بە دڵێکی پڕ لە خەم و ئازارەوە پرسەو هاوخەمی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی هەر سێ شەهیدی رێگەی ئازادیی و بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان؛ کاکە هیوا قادر، و کاکە ئیڤان عەدنان، و کاکە رابەر ئەنوەر دەکەین، و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارانی ئەو کردەوە تیرۆرستییە دەخوازین.
لە کەرکوکی کڵپە و خۆڕاگرەوە، بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی رۆژی ١٨-٩-٢٠٢٣ی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەکەین کە بەھۆیەوە سێ شەھیدی قارەمان و پارێزەری خاکی پیرۆزی کوردستان کە دووانیان بە ناوەکانی کاکە هیوا قادر، و کاکە ئیڤان عەدنان کە خەڵکی کەرکوکن و لە بەڕێوبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان پێشمەرگە بوون لە پێناو پاراستنی کوردستان شەهید بوون، و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. ئەو رووداوە ئەوەمان پێدەڵێت هەر کاتێک بەشێکی کوردستانەکەمان بریندار بکرێت کەرکوکییەک خوێنی لێدەچۆڕێت!
ئەم کردەوە تیرۆرستییە و ئەوانی پێشووش کە روویان داوە، بەشێکن لەو پیلانگێڕییەی کە دەرحەق بە نەتەوەکەمان ئەنجام دەدرێن، ئەوەش هەر زیان بە سەقامگیری و ئارامی کوردستان ناگەیەنێت، بەڵکو هەموو لایەنەکانی ئەو پیلانگێڕییە زیانیان پێدەکەوێ! لێرەوە داوا لە هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان دەکەین؛ ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، و چیتر رێگە لە بەزاندنی سەروەری خاکی عیراق بگرن.
دووبارە پرسە و ھاوخەمی خۆمان بۆ شەھیدبوونی ھەڤاڵەکانمان لە بەڕێوبەرایەتی دژەتیرۆری کوردستان دەردەبڕین، و بە توندترین شێوەش ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەکەین.

ئاسۆ مامەند
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP