سه‌رۆك كۆمار: سلێمانی سیمبولی خەبات و تێکۆشان و خزمەت بە نیشتمانه‌

کوردستان
14:45 - 2023-11-14


لە یادی 239 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵکی شاری سلێمانی دەکات و دەڵێت: "سلێمانی مەڵبەندێکی رۆشنبیری و خوێندەواری و شارستانییەو شاری سلێمانی، پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستانە، بەدرێژایی مێژووەکەی بۆتە سیمبولی خەبات و تێکۆشان و خزمەت بە نیشتمان".


دەقی پەیامی سەرۆککۆمار..........

پیرۆزبایی بەبۆنەی ساڵیادی بونیادنانی شاری سلێمانی

ئەمساڵ سلێمانی یادی 239 ساڵەی بونیادنانی دەکاتەوە، کە هەر لە دروستبونییەوە لەسەردەستی بابانەکان تا ئێستا لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆئەوەی لە کاروانی پێشکەوتنی شارە گەورە و گرنگەکانی عیراق و تەنانەت ناوچەکەشدا پێشەنگ بێت و ببێتە نمونەیەک لە جوانییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق.

کاتێک لە ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابان، ئەم شارە بونیاد دەنرێت، بەناوی سلێمان پاشای باوکییەوە ناوی دەنێت سلێمانی و دەیکاتە پایتەختی میرنشینی بابان، لە هەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی رۆشنبیری و خوێندەواری و شارستانی.
شاری سلێمانی، کە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستانە، بەدرێژایی مێژووەکەی بۆتە سیمبولی خەبات و تێکۆشان و خزمەت بە نیشتمان. 

لەم شارەوە گەلێک کەسایەتی سیاسی و خەباتکار و رۆشنبیر و نوسەر و شاعیر و دڵسۆزی خاک و وڵات دەرکەوتون و بەدرێژایی تەمەنیان خزمەتیان بە مرۆڤایەتی کردوە.

سلێمانی لە بەرەنگاربونەوەی زوڵم و زۆرداریی رژێمە خراپەکانی عیراق وەک بەعس وچانی نەبوو، هەمیشە دەیویست ئازاد و سەربەست و دور لە سەرکوتکردن بژی، رۆڵەکانی هەمیشە خەبات دەکەن بۆئەوەی ژیانێکی باشتر و خۆشتر بژین و بۆ نەوەکانی ئایندەی بەدەستبهێنن، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی دروشمی عیراقێکی دیموکراتی و فیدراڵی و مافی گەلی کوردە لە عیراقدا و پشتگیری خەباتی هەموو کوردی کردوە لە هەموو کوردستاندا.

هەر لە دروستبونی دەوڵەتی عیراقەوە، سەرکردەکانی کورد وەک جەنابی شێخ مەحمودی حەفید داوای مافی کورد و دۆستایەتیان لەگەڵ گەلی عەرەب کردوە.

 لەم پێناوەدا زۆرجار لەگەڵ برا عەرەبەکاندا خاوەن خەبات بوین بۆ عیراقێکی دیموکراتی و بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد.

 هەر لەم چوارچێوەیەدا رۆشنبیرەکانی کورد و عەرەب دۆستایەتی بەهێز و پێکەوە تێکۆشانیان هەیە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان.

ئەم شارە زیندوەی نیشتمان لە بونیادنانی عیراقێکی دیموکراتی ئازادی فیدراڵدا رۆڵێکی بەهێزی گێڕا، جێ دەستی لە هێنانەکایەی عیراقێکی جیاوازی دوور لە دیکتاتۆرییەت زۆر باش دەناسرێتەوە، هەربۆیە شایستەی ئەوەیە لە خێر و خۆشی و سامانی نیشتماندا بایەخی زیاتری پێبدرێت و کاربکرێت بۆئەوەی جوانتر و جوانتر بێت. بەتایبەت کە زۆربەی هێزە سیاسییەکان بنکەی بەهێزیان لە سلێمانی بوە.

ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق هەمیشە کاردەکەین بۆ خزمەتکردنی هەموو پارێزگا و شارەکانی نیشتمان، دەمانەوێت خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و پێشکەوتنی شارەکانی وڵات لە باشترین ئاستدا بێت، بۆ ئەوەش لە پەیوەندی بەردەوام و کارکردنی پێکەوەییداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێیەکان.

سلێمانی و هەموو شارەکانی نیشتمانەکەمان هەر گەشاوە و ئارام بن.

دکتۆر لەتیف جەمال رەشید
سەرۆک کۆماری عیراق

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP