به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بافڵ رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر به‌رزراگیرا

کوردستان
14:35 - 2023-11-21


بۆ بەرز ڕاگرتنی ساڵیادی رۆژی شەهیدانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە ٢١/١١/٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەڤاڵان سەعدی ئەحمەد پیرە ووتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ، دەرباز كۆسرەت رەسول لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتیەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ، د.مەجید حەمەدەمین لێپرسراوی مەڵبەندی٣ی هەولێر و ژمارەیەك لە كادیرانی سنوری پارێزگای هەولێر و كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان ، لەسەر گڵكۆی شەهیدانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە گۆڕستانی گردە رەشەی هەولێر مەراسیمێكی ڕێزلێنان و بەرز ڕاگرتنی ئەو ڕۆژە بەڕێوەچوو 

سەرەتا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەیاوەری هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفای لەسەر گڵكۆی شەهیدانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە شاری هەولێر دانا 

دواتر هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە وتاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی پێشکەش کرد ، سەرەتا وێڕای بەرز هەڵسەنگاندنی رۆژی شەهیدانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە یەکێتی شوناسی شەهیدانە ، شەهیدانیش شوناسی یەکێتین ، ووتیشی: بەتوانا و خوێنی رۆڵەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوای رێکەوتننامەی جەزائیر دژ بە کورد جارێکی تر بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان هەڵسانەوەی بە خۆیەوە بینی و ئومێدی بە هەموو پارچەکانی تری کوردستانیش بەخشی . 

هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بە شانازییەکی گەورەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە کەڵە پیاوەکانی سەرکردایەتی یەکێتی شەهید بوونە یان چەندین جار برینداربوونە کە لە مێژووی هیچ لایەنێکی سیاسی ناوچەکە و جیهان رووی نەداوە ، نمونەی بە هەڤاڵ کۆسرەت رەسوڵ عەلی هێنایەوە کە وێڕای بەخشینی چەندین شەهید لە بنەماڵەکەیان و کەس و کاریان خۆیشی بەهۆی ئەوەی چەندین جار لە بەرەکانی پێشەوەی بەرگریکردندا بریندار بووە ، زۆرترین پارچە و گولەی بەرکەتوە هەر ئەمەش وایکردوە ، ئێستا تەندروستی خراپ بێت و لە ماڵەوە بێت و زۆربەی سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە هەمان شێوە یان شەهید بوونە یان چەندین جار برینداربوونە .

ووتیشی: یەکێتی  ئەو هێزەیە کە بەتوانا و خوێنی رۆڵەکانی گەلی کوردستانیان گەیاندە ئەمڕۆ کە خەڵکی کوردستان هەم لە عێراق و هەمیش لە هەرێم خاوەن پێگەیەکی بەهێزی سیاسی و جوگرافیە لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵدا ، هەرێمی کوردستان  ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی شەهیدان لە زۆر بۆنەی جیهانیدا سەنگ و پێگەی بەهێزی هەیە ، وەفدەکانی هەرێمی کوردستان لەدەرەوە هاوشێوەی وەفدی ووڵاتانی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت . 
لە سایەی خوێنی شەهیدانە ئەوانەی رۆژگارێک لە دەرەوە ئامادەنەبوون نوێنەرانی ئێمە ببینن ئێستا خۆیان دێنە هەرێمی کوردستان و بەشداری بۆنە و مەراسیمەکانمان دەبن . 
لە کاتێکدا بارودۆخی ئێستای عێراق لە ئاڵۆزیدایە بەرپرسانی عێراق داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ چارەسەری کێشەکان لەسەر ئاستی پەرلەمان وحکومەت و بەرقەرارکردنی سەقامگیری ئاسایشی ووڵات . 
هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بە هەوڵ و تێکۆشانەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرد بۆ پاراستنی سەروەرییەکانی خوێنی شەهیدان لەو روانگەیەشەوە نمونەی بە تەوازوعی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد کە ئەمڕۆ بەشداری دانانی تاجە گوڵینەی کرد لەسەر گڵکۆی شەهیدان ، ووتیشی : هەر بەم تەوازوعەشەوە لە بەغدا و سەرجەم کۆڕو کۆبوونەوەکان بەشداری دەکات بۆ چارەسەری کێشەکان و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان ، هەر بەم نەفەسەش هەوڵ و تەقەلا دەدات بۆ سەقامگیری ئاسایشی کۆمەڵانی خەڵک ، لە عێراق و هەرێمی کوردستان . 

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ووتیشی: رەنگە هەموو داخوازییەکانی کەس و کاری شەهیدان نەهاتبنە دی بەڵام ئەوەی ماوە بەشێکی ئەرکی حکومەت و بەشێکیشی ئەرکی دەزگا و دامەزراوەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە ، پێویستە جێ بەجێ بکرێن . 

لە کۆتایی ووتارەکەیدا هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە تیشکی خستە سەر گرنگی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان کە لەبەردەم کۆمەڵانی خەلک دایە بەتایبەتیش گرنگە بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پێناو هێنانە دی خەونی شەهیدەکانمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە پارێزگاکان بەتایبەتی لە کەرکوکی قودسی کوردستان بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد کە بتواندرێت لە رێگەیەوە هەموو مافەکانمان بپارێزین، بۆیە گرنگە بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەین ، چونکە شکستی یەکێتی لە کەرکوک شکستی کوردە .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP