د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران داوا لە وەزیری دارایی عیراق دەكات پەلە لە ناردنی هەمواری یاسای بودجە بكرێت تاوەكو كێشەكانی بەردەم خەرجكردنی پشكی هەرێم چارەسەر بكرێن، هاوكات داوای بەدواداچوون بۆ پشكی هەرێم لە بودجەی پتڕۆدۆلارو میكانزمی ئەژماركردنی بەپێی ماددەی 2 لە یاسای بودجە دەكات.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر پشكی یەكێتی رایگەیاند: "لە بەردەوامیی بەدواداچوونەكان بۆ ماف و شایستەی هاووڵاتییان، لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق كۆبوومەوە و گفتوگۆمان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و گرنگی پەلەكردنی حكومەتی فیدڕاڵ لە ناردنی هەمواری یاسای بودجەو چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە ساڵی 2015 ەوە بوونەتە بەربەست لەبەردەم خەرجكردنی پشكی هەرێم لە بودجە كرد".
د.نەرمین مەعروف دەڵێت:" هەروەها گفتوگۆی گەیاندنی داواكاری پاسەوانانی ئەمنی كۆمپانیای نەوتی باكور بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەڕانەوەیان بۆسەر كارەكانیان بەپێی ماددەی 66 لە یاسای بودجەو بەدواداچوون بۆ پشكی هەرێم لە بودجەی پتڕۆدۆلار و میكانزمی ئەژماركردنی بەپێیی ماددەی 2 لە یاسای بودجەمان كرد".
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەشڵێت: "داوام لە وەزیری دارایی كرد بەدواداچوون بۆ مافی چەند كارمەندێكی گرێبەستی كاتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كە لەگەڵ وەجبەی پێشوو ناویان پەسند نەكرابوو بەپێی ماددەی 67ی یاسای بودجە بكرێت، هەروەها بەدواداچوونیش بۆ سندوقی داهاتی سەرجەم وەزارەت و دەستە سەربەخۆكان لە حكومەتی فیدڕاڵ بكرێت".
پێشتریش د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەمەبەستی بەدواداچوون لە كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دواكەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، چاوی بە تەیف سامی وەزیری دارایی حكومەتی عیراق كەوت و دۆخی خراپی موچەخۆرانی هەرێمی بۆڕوونكردەوە و باسیان لەهەموو ئەو گرفتانە كرد كە بەهۆی بێ مووچەیەوە دروست بووە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP