ئاسۆ مامەند بۆ کوردانی کەرکوک: رۆژی 18-12 بکەنە رۆژی وەرگرتنەوەی دەسەڵات

کوردستان
14:45 - 2023-12-05

سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە رایدەگەیەنێت: "ئەو هەوڵانەی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان  لە کەرکوک دەدرێت، هەوڵێکی شکست خواردوەو تەنها هۆکارەکەی ئەوەیە کە دەزانن کورد زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدەهێت، هەروەها دەنگدان تاکە رێگەچارەسەرە بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە کەرکوک بۆ کورد".

ئاسۆ مامەند سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن رایگەیاند: "ئەقڵیەتێک هەیە ئەم نایاسایی و نادادپەروەرییەی لە ئیستادا لە کەرکوک هەیە دەیەوێت بەردەوامی پی بدات، بۆ ئەمەش داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان لە کەرکوک کردووە، بەڵام داواکەیان هیچ هۆکارێکی یاسایی لە پشتەوە نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە دەزانن کورد زۆرینەیە لە شارەکە و نایانەوێت بەڕێوەبردنی شارەکە بکەوێتە دەست کورد".

"داوا لە کوردانی پارێزگای کەرکوک دەکەم ئەو پروپاگەندە و هەوڵە شکستخواردوانە ساردیان نەکاتەوەو رۆژی 18-12-2023 بکەنە رۆژی وەرگرتنەوەی دەسەڵات و دەستپێکی خزمەت لە شارەکە، هەروەها بەدەنگدانمان هەوڵی عەرەبی شۆڤێنی بۆ لەباربردنی پێکەوە ژیان لە شارەکە پوچەڵ دەکەینەوە"، ئاسۆ مامەند وای وت.

سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە ئەوەش دەڵێت: "تاکە رێگا بۆ خزمەت و کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک تەنها و تەنها هەڵبژاردنە و لەم روانگەیەنەشەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باوەڕی تەواوی بە پێکەوە ژیان و شەراکەتی راستەقینە هەیە و هەموو هەوڵێک دەدەین دەسەڵات بۆ کورد لە کەرکوک بگەڕێتەوە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP