په‌رله‌مانتارێكی عێراق: به‌غدا دوو رۆژی دیكه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌نێرێت

ئابوری
21:17 - 2024-01-29



جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌  ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاشكرایكرد كه‌، عه‌توان عه‌توانی سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ پێیراگه‌یاندووه‌ به‌غدا له‌ دوو رۆژی داهاتوودا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ مانگی كانونی دووه‌می 2024 ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.  

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌:" تا ئێستا ناتوانرێت بوترێت ناردنی 618 ملیار دیناره‌كه‌ی كه‌ حكومه‌تی عێراق بڕیاری ناردنی داوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دواكه‌وتووه‌، چونكه‌ هێشتا ئه‌م مانگه‌ دوو رۆژی ماوه‌ و ئه‌گه‌ر دوای كۆتاییهاتنی ئه‌م مانگه‌، پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ نه‌كرا، ئه‌وكات ده‌توانرێت بوترێت به‌غدا ناردنی پاره‌كه‌ی دواخستوه‌."

 
 باسی له‌وه‌شكردووه‌:" "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ عه‌توان عه‌توانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی دانیشتوون و پێیڕاگه‌یاندوون، له‌م دوو رۆژه‌دا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كرێت".

كۆچه‌ر ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه‌، "له‌ عێراق كێشه‌ی سیوله‌ هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت موچه‌ی په‌رله‌مانتارانیش 10 رۆژ دواكه‌وتوه‌، پێشتر له‌ رۆژانی 18-20ی مانگ موچه‌ی په‌رله‌مانتاران ده‌چووه‌ سه‌ر هه‌ژماره‌كانیان، به‌ڵام دوێنێ چووه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژماری په‌رله‌مانتاران، هۆكاره‌كه‌شی بۆ كه‌میی سیوله‌ی به‌رده‌ستی حكومه‌تی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP