سه‌رۆككۆمار بۆ وه‌زیری به‌رگری توركیا: پێشێلكارییه‌كان بۆ سه‌ر خاكی عیراق رابگرن

عێراق
22:17 - 2024-02-06

سه‌رۆككۆماری عیراق داوا له‌ وه‌زیری به‌رگری توركیا ده‌كات پێشێلكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و عیراق رابگرن و له‌ رێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆوه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. 

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق بڵاویكرده‌وه‌، د.له‌تیف ره‌شید سه‌رۆك كۆمار له‌ به‌غدا پێشوازیكرد له‌ یه‌شار گویله‌ر وه‌زیری به‌رگری توركیا و داوایكرد لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی ئه‌منی بۆ دیاریكردنی كێشه‌ سنورییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان پێكبهێنرێت و هه‌نگاوی تاكلایانه‌ نه‌گیرێته‌به‌ر، هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ نابێت خاكی عیراق بۆ هه‌رە‌شه‌كردن له‌ وڵاتانی دراوسێ به‌كاربهێنرێت. 

به‌ پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، د. له‌تیف ره‌شید به‌ وه‌زیری به‌رگری توركیای راگه‌یاندووه‌، راگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیا زیان به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا ده‌گه‌یه‌نێت و ئاسته‌نگ بۆ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌ل دروستده‌كات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP