رۆژی موڕافەعە گەورەکە

کوردستان
12:21 - 2024-02-09

لە بیرەوەری (٢٠)مین ساڵڕۆژی موڕافەعە گەورەکەی رەوانشاد سەرۆک مام جەلال لە ئەنجومەنی حوکم هەڤاڵ ئاسۆ مامەند پەیامێک بڵاودەکاتەوە
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە..
کوردستانییانیی خۆشەویست..!
کەرکوکییە دڵسۆز و کوردپەروەرەکان..!
ئەمڕۆ (٢٠) ساڵ بە سەر موڕافەعە مێژووییەکەی رەوانشاد سەرۆک مام جەلال تێپەڕدەبێت، کە لە کۆبوونەوەیەکی ئەوکاتەی ئەنجومەنی حوکمدا «بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی مێژوویی کوردستانیی بوونی کەرکوک»ی سەلماند، و بەبێ سڵەمینەوە بەرگریی لە گەلی کوردستانیش کرد.
لەو کوبوونەوەیدا رەوانشاد سەرۆک مام جەلال رایگەیاند: کە پێویستە لەسەر ئەنجومەنی حوکم، ددان بە فیدڕاڵییەتیی کوردستاندا بنێ، و کار بۆ ئاسایی بوونەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێش پڕۆسەی تەعریب و شێواندنی یەکە ئیدارییەکانیی، کە لە ماوەی دەسەڵاسدارێتیی بەعسی لەناوچوودا دژ بە نەتەوەی کورد ئەنجام درابوو.
رۆژی موڕافەعە گەورەکە بۆ کەرکوکییەکان و تەواوی میللەتەکەمان دەستکەوتێکی گەورە و رۆژێکی مێژووییە. لەو رۆژەدا سەرۆک مام جەلال بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی مێژوویی، بۆ دۆست و دووژمنی سەلماند کە شاری «کەرکوک» بەشێکی دانەبڕاوە لە سنوری باشوری کوردستان، لەو سۆنگەیەوە هەرگیز سازش لە سەر ئەو مەسەلە رەوایەی میللەتەکەمان ناکەین. 
لە ساڵڕۆژی موڕافەعە گەورەکەدا، سڵاوو وەفا دەنێرین بۆ گڵکۆی رابەر و سەرکردەمان رەوانشاد سەرۆک مام جەلال کە هەتا دوا ساتەکانیی ژیانیی پارێزگاری لە کوردستانیی بوونیی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کرد.
بەڵێن دووپات دەکەینەوە؛ بۆ هەمیشە درێژەپێدەری رێبازە پیرۆزەکەی بین
ئاسۆ مامەند
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP