یەكێتی مافی پێكهاتەكان و هاوسەنگی جوگرافی لەپەرلەمانی چه‌سپاند

کوردستان
21:21 - 2024-02-21



بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سكاڵاكەی یەكێتی لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە دەنگدەران كە دەنگەكانیان پارێزراو دەبێت، هەروەها رێگەنادات پارێزگایەك مافی پارێزگایەكی دیكە پێشێل بكات، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە پارێزەری مافی پێكهاتەكان و رێگە بە هیچ لایەنێك نادات لە بەرژەوەندی خۆی بەكاریانبهێنێت، بەمەش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مافی پێكهاتەكان و هەڵبژاردنێكی بێگەردی چەسپاند.

چوار بازنەیی دەستەبەری هاوسەنگی جوگرافی لەپەرلەمان دەكات
لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق دەرئەنجامی ئەو یارییە ناتەندروستە بوو كە بە كورسی پێكهاتەكانەوە لە پەرلەمانی كوردستان دەكرا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رابردوو و ئێستاشدا لەگەڵ ئەوەدایە كە پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان لە پەرلەمان هەبێت".

لوقمان وەردی دەڵێت."بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی چوار بازنەیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەستەبەری هاوسەنگی جوگرافی لەپەرلەمان دەكات و رێگەنادات هیچ پارێزگایەك مافی پارێزگایەكی دیكە پێشێل بكات، ئەمە جگە لەوەی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە، جارێكی دیكە دەستەبەری هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەرد لە هەرێم دەكات" 

یەكێتی پارێزەری مافی پێكهاتەكانە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارێزەری مافی پێکهاتەکانە و رێگانادات هیچ لایەک دەنگەکانیان قۆرغ بکات، هەروەها یەکێتی لە خەمی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرددایە و دەیەوێت متمانە لەنێوان دەنگدەران و پڕۆسەكەدا دروستبکاتەوە.

شیرین یونس ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "خاوەندارێتی مافی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەگەڕێتەوە، لەم روانگەیەشەوە لە ئێستاشدا وەك رابردوو پارێزەری مافەكانیان دەبێت و رێگەنادات هیچ لایەنێك دەنگی پێكهاتەكان بۆخۆی قۆرخ بكات".

شیرین یونس دەڵێت:"پێكهاتەكان دەتوانن لەو 100 كورسییەی دادگای فیدراڵی بۆ پەرلەمانی كوردستانی دیاری كردووە، نوێنەری خۆیان بنێرنە پەرلەمان و داكۆكیكاریان بێت"، هەروەها لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنیشەوە رایگەیاند: "ئەوەی لەفرە بازنەیی هەڵبژاردن سوودمەند دەبێت تەنها خەڵكی كوردستانە، لەو چوارچێوەیەشدا یەكێتی كەلەخەمی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و دروستكردنەوەی متمانەیە لەنێوان دەنگدەران و پڕۆسەكەدا، داوای چوار بازنەیی كردووە، چونكە هاوشێوەی عیراق لە هەرێمی كوردستانیش یەك بازنەیی دەستەبەری عەدالەت ناكات" 

پێشتر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەڕێگەی زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق تۆماركرد و ئەمڕۆش دادگاكە وەڵامی سكاڵاكەی دایەوەو چەند بڕیارێكی لەبەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەركرد.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP