حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید: پیرۆزبای تێپه‌ڕینی 113 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی توركمانیی له‌ كوردستاندا ده‌كه‌م

کلتور
22:28 - 2024-02-25

په‌یامی وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان بۆ ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری توركمانی

یادی ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری توركمانی پیرۆز بێت

به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی 113 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی توركمانیی له‌ كوردستاندا، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م خوشك و برایانی توركمان و ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كه‌م.

ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری توركمانی، بۆنه‌یه‌كی گرنگی ڕۆژژمێری بۆنه‌ تایبه‌ته‌كانی پێكهاته‌ی توركمانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا و ئاماژه‌یه‌ بۆ گرنگی و بایه‌خی ڕۆڵی نووسه‌ران و ڕووناكبیرانی توركمان له‌ پاراستنی ناسنامه‌ی فه‌رهه‌نگی و كولتووری و ڕووناكبیری پێكهاته‌ی توركمان.

كاروانی ڕۆژنامه‌گه‌ری توركمانی به‌ درێژایی مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنی، به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌ مێژووی كاروانی ڕۆژنامه‌گه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و له‌م بۆنه‌یه‌دا هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتر بۆ بزاوتی ڕووناكبیری و كولتووری توركمان ده‌خوازین.

وه‌ك وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بایه‌خێكی تایبه‌تمان بۆ بره‌ودان به‌ كولتوور و فه‌رهه‌نگ و پاراستنی ڕه‌سه‌نایه‌تی ناسنامه‌ی توركمان له‌ كوردستان هه‌یه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی گشتیی تایبه‌ت به‌ ڕۆشنبیری و هونه‌ری توركمان كراوه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتره‌ خزمه‌تی بواره‌ جیاجیاكانی كولتوور و ڕۆشنبیری توركمانی بكات.
 
فره‌یی و هه‌مه‌جۆری فه‌رهه‌نگ، ڕۆشنبیری و كولتووری پێكهاته‌كان له‌ كوردستاندا بووه‌ته‌ سیمایه‌كی دیاری گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی ڕه‌وشی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تییمان.

دووباره‌ پیرۆز بێت ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری توركمانی.

حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید
وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
25ـی شوباتی 2024

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP