بڕیاره‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتو دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی شوبات ده‌ستپێبكات

ئابوری
17:41 - 2024-03-22

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بڕیاره‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتو دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی شوباتی فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێبكات، دوای ئه‌وه‌ی سودانی به‌ڵێنیداوه‌ كه‌ ته‌واوی پاره‌ی موچه‌ ره‌وانه‌ بكات .
سه‌رچاوه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كردوه‌، هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامداوه‌ و محه‌مه‌د شیاع سودانی به‌ڵێنیداوه‌ كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی ماوه‌ بۆ موچه‌ی مانگی شوباتی ئه‌مساڵ ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بڕیاره‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتو ده‌ستبكرێت به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا موچه‌ی ته‌واوی وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كان دابه‌ش بكرێت.
له‌دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ به‌نیشتیمانیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق به‌ چه‌ند جارێك پاره‌ی موچه‌ی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ كۆی گشتی زیاتر له‌ 600 ملیار دیناره‌، به‌ڵام تائێستا پاره‌ی موچه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردودا ره‌تیكردبوه‌وه‌ كه‌ دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌ستپێبكات به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی كورتهێنانی هه‌یه‌ و پاره‌كه‌ به‌شی ته‌واوی موچه‌ ناكات، چونكه‌ بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران، هه‌رێم پێویستی به‌ 949 ملیار دینار هه‌یه‌.



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP