سەرۆكکۆمار جه‌خت له‌ گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییه‌كانی عێراق و ئێران ده‌كاته‌وه‌

عێراق
17:38 - 2024-03-25


سەرۆكکۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عیراق و رایگەیاند: "عیراق کار بۆ بنیاتنانی دوو بەنداو دەکات لەپێناو رێکخستنی بەکاربردن و سودوەرگرتن لە بڕی بارانبارین".

لە میانەی دیدارێکدا، کە ئەمرۆ دووشەممە 25-3-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بەڕێوەچوو،  باس لە پەیوەندیی قوڵی نێوان عیراق و ئێران کراو گرنگی فراوانکردن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە بواری هاریکاری دوو قۆڵی دوپاتکرایەوە.

سەرۆكکۆمار رایگەیاند: "عیراق چاوی لە هاریکاری زیاتر و سودوەرگرتنە لە شارەزایی و ئەزمونەکان، بەتایبەتی لەبواری دروستکردنی بەنداو و بەڕێوەبردنی ئاو، هەروەك کارەکان بەردەوامن بۆ دروستکردنی دوو بەنداو بۆ سودوەرگرتن لە بڕی بارانبارین و رێکخستنی بەکارهێنانی ئاو".

سەرۆكکۆمار لەبارەی مەسەلەی فەڵەستین و پێویستی کۆتاییهێنان بەدەستدرێژی بۆسەر خەڵکی غەززە جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی بۆ مەسەلەی فەڵەستین، کە خزمەت بە گەلی فەڵەستین بکات، هەروەك هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی بەرزنرخاند بۆ پشتیوانی لە مەسەلەی فەڵەستین و روبەڕوبونەوەی دەستدرێژی.

هاوکات محەمەد کازم ئال سادق هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی عیراق دوپاتکردەوە و جەختیشیکردەوە لەسەر پەرۆشی سەرکردایەتی ئێران بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دوپاتیشیکردەوە، کە وەفدێکی ئێرانی سەردانی عیراق دەکات بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە سودوەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی و باران و دروستکردنی بەنداو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP