ھەردوو ھەڵبژاردەی ئیسپانیا و بەڕازیل بەرھەڵستی یەكتری بوونەوە

وەرزش
12:45 - 2024-03-27

لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ و لەیاریەكی ئاگر ئاسای دۆستانەدا ھەردوو ھەڵبژاردەی ئیسپانیا و بەڕازیل بەرھەڵستی یەكتری بوونەوە , لە سەرەتای دیدارەكە و بەدیاریكراوی لەدەقیقەی 13 دا ڕۆدری ئیسپانی لەڕێگای پەسەندكردنی لێدانێكی سزاوە توانی گۆڵی یەكەمی ڕكابەریەكە تۆمار بكات و تەرازووەكە بەسوودی ماتادۆڕ لاسەنگ بكات.. پاش ئەو گۆڵەش جارێكی دیكە ئیسپانیەكان كۆنترۆڵی بارودۆخەكەیان كرد و توانیان دەقیقەی 37 بكەنە ئامانج و گۆڵی دووەم بەواژووی دانی ئۆڵمۆی ناوەندكاری ھێرشبەر تۆمار بكەن و ئەنجامەكە بۆ دوو گۆڵی بێ وڵام بەرز بكەنەوە.. تەنھا سێ دەقیقە تێپەڕی بەسەر گۆڵەكەی دانی ئۆڵمۆ , كوڕانی سامبا بەزیرەكی ڕۆدرگیۆ گۆسی بەڕازیلی و ھەڵەیەكی ڕوونی دانی سیمۆنی گۆڵپارێزی ئیسپانیا توانیان گۆڵی یەكەم لەدژی ھەڵبژاردەی خاوەن ماڵ تۆمار بكەن و جیاوازیەكە بۆ گۆڵێك كەم بكەنەوە و تایمەكەش بەدوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێك بەپێشكەوتنی ئیسپانیا كۆتایی ھات , پاشان و لەنیوەی دووەمی لوتكەكە و بەدیاریكراوی لەدەقیقەی 50 ئێندریكی 17 ساڵان توانی تۆڕی سورپۆشەكانی ئەندەلووس بھەژێنێت و ئەنجامەكە یەكسان بكاتەوە و 11 ھەمین گۆڵی خۆی لەگەڵ ھەڵبژاردەی بەڕازیل تۆمار بكات.. ڕكابەریەكە گەییشتە دەقیقەكانی كۆتایی , بەڵام چ كۆتاییەكی بەچێژ! لەدەقیقەی 87 ی یاریەكەدا ئیسپانیەكان زاڵداری یاریگابوون و توانیان جارێكی دیكە لەڕێگای لێدانێكی سزای سەركەوتوو و تواناكانی ڕۆدری گۆڵی سێیەم تۆمار بكەن و دۆخەكە بەسوودی خۆیان پێچەوانە بكەنەوە... پاش ئەو تۆماركراوە چەند ساتێكی كەم مابوو تاكوو فیكەی ناوبژیوان كۆتایی بەم كاریزما پڕ كێبڕكێیە بھێنێت بەڵام لەدەقیقە و چەند ھەناسەیەك پێش كۆتایی لێدانێكی سزا بۆ ھەڵبژاردەی بەرازیل ھەژماركرا و سەماكاری سامباش بەتواناكانی لۆكاس باكێتا جێبەجێیان كرد و توانیان ئەنجامەكە بگەڕێننەوە خاڵی دەستپێك.. لەكۆتاییشدا ئاڵنگاریەكە بەھەمان ئەنجام و بەتۆماركردنی سێ گۆڵ بۆ ھەرلایەك كۆتایی ھات و دوای ساڵانێكی زۆر چێژی ڕكابەری نەتەوەی ئیسپانی و بەڕازیلی لەسانتیاگۆ بێرنابیۆ گەڕایەوە ڕۆحی وەرزش دۆستانی تۆپی پێ و سەردەمێكی نوێی لەجەنگی ئاشتی ڕاگەیاند

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP