بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەنها دوو هاوپەیمانێتی و 10 حزب ناویان تۆمارکردووە

کوردستان
18:00 - 2024-04-01


وادەی ناو تۆمارکردنی کاندیدی حزب و لایەنەکان کۆتاییهات  و 10 حزب و دوو هاوپەیمانێتی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە، ئەمە جگە لەوەی 54 کاندیدی سەربەخۆش ناوی خۆیان تۆمارکردووە، هەفتەی داهاتووش ژمارە بە لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت.

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بە وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌:"سەعات 12ی شەوی رابردوو وادەی ناو تۆمارکردنی کاندیدی حزب و لایەن و کاندیدە سەربەخۆکان کۆتایی هات و دوو هاوپەیمانێتی و 10 حزب و 54 کاندیدی سەربەخۆ ناویان تۆمار کردووە".

جومانە غەلای ده‌ڵێت:"بڕیارە رۆژی 6-4-2024 بە هەڵبژاردن ژمارە بە لیستی حزب و لایەنەکان بدرێت کە لە ژمارە 101 ەوە دەستپێدەکات، هاوکات کۆمسیۆن بەردەوامە لەکارەکانی و پابەندە بە خشتەی کاتی بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و سەربەخۆیی خۆی لەنێوان حزب و هاوپەیمانێتییەکاندا پاراستوەو بەپێی یاسا و بڕیارەکان کارەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان جێبەجێ دەکات"، 

یەکێتی ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە
یەکێک لەو 10 حزبەی ناوی کاندیدەکانی پێشکەش کردووە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیش دەڵێت: "لەهەر چوار بازنەکە کاندیدەکانمان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە".

رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌ :" ئەمرۆ بەڕەسمی لیستی کاندیدەکانمان لە سنوری هەرچوار بازنەی (سلێمانی ، هەولێر ، دهۆک ،هەڵەبجە ) پێشكەش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عیراق کردو ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".

تەنها دوو هاوپەیمانێتی و 10 حزب ناویان تۆمارکردووە
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێکڕا 20 حزب و 2 هاوپەیمانێتی و 62 کاندیدی سەربەخۆ بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە تۆمارکراون، کە لەبازنەکانی هەڵبژاردن بەشداردەبن، بەڵام تائێستا تەنها دوو هاوپەیمانێتی و 10 حزب و 54 کاندیدی سەربەخۆ ناویان تۆمار کردووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP