قوباد تاڵەبانی: جه‌خت له‌ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ده‌كه‌ینه‌وه‌

کوردستان
19:25 - 2024-04-03


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ( ٣ی نیسانی ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی جێنین پلاسخارتی کرد لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق و ئاماژەی بەوەشدا کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەم هەوڵانە کاریگەری هەبووە لەسەر سەقامگیری عێراق و هێورکردنەوەی زۆرێک لە بارگژییە سیاسییەکان.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی هەموو کێشەکان و بە تایبەتیش کێشە داراییەکان کە لەئێستادا هەنگاوی باش نراوە بەو ئاڕاستەیە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP