دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوە شاسوار دەکرێت

کوردستان
17:12 - 2024-04-14

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی گەرمیان، سەردانی قایمقامییەتی کفری کرد و لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئیداری قەزاکە کۆبووەوەو دواتر سەردانی بەنداوی باوەشاسواری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەک شەمە( ١٤ی نیسانی ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ساهر عەلی جاسم وەک قایمقامی نوێی کفری کرد. پاشان باس لە کێشە و گرفتە ئیداری و خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە کرا و بڕیاردرا چەند پڕۆژەیەک لە سنوورەکە بە تایبەت لە بواری رێگاوباندا جێبەجێ بکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی ئیداری قەزاکە کرد هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن بۆ باشتر خزمەتکردن و جێبەجێکردنی داواکاری هاوڵاتییان و شیوازی مامەڵە لەگەڵ خزمەتخواز باشتر بکرێت.

لە دوای کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران بە یاوەری ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەردانی بەنداوی باوەشاسواری کرد. 
لە سەردانەکەدا تاوتوێی رێکارەکان و چۆنییەتی دروستکردنی ناوچەیەکی گەشتیاری لەسەر بەنداوەکە کرا و داوایکرد دەستەی گەشتوگوزار بە هاوکاری ئیدارەی گەرمیان لە نزیکترین ماوەدا پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوەشاسوار بخەنە بورای جێبەجێکردنەوە و راشیگەیاند کە ریکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی ئەم پڕۆژەیە بەزووترین کات تەواو دەبن کە چەندین هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئەبێتە هۆکارێک بۆ پەڕەپێدانی ژێرخانی ئابوری دەڤەرەکە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP