قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جیۆفری پایات یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە

کوردستان
18:08 - 2024-05-16

قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک وەزیران و وەفدێکی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جیۆفری پایات یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە کۆبوونەوە و پێکەوە باسیان لە هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ رووبەڕووبونەوەى گۆڕانی کەشوهەوا و پرسی وزە کرد.
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنج شەممە ، 16ی ئایاری 2024 لە هەولێر بەڕێوەچوو، پێشهاتە نوێیەکان لەسەر ئاستی بەرێوەچوونی گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەرێم خرایە بەر باس و گەشبینی نیشاندرا بۆ ئەوەى بەم زووانە لەسەر هەموو بابەتەکان بگەنە رێکەوتن. 

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم بەرهەمهێنانی وزەى کارەبا کرا لە هەرێمی کوردستان. لەوبارەیەوە وەفدی میوان ئامادەیی ئەمریکاى نیشاندا بۆ وەبەرهێنان لەو بوارەدا تا هاوکارى هەرێم و عێراقیش بکات بەسوود وەرگرتن لەسەرچاوەکانی وزەى نوێبوەوە؛ کارەبا بەرهەم بهێنرێت بەئامانجی کەمکردنەوەى بارگرانی لەسەر بودجە و پاراستنی ژینگەش. 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران بەگرنگییەوە پەیامی خۆى بۆ پاراستنی ژینگە و هەنگاوە کردارییەکانی خستەڕوو و باسیشی لە پرۆژەى زانکۆى سەوز و دابینکردنی پاسی کارەبایی بۆ زانکۆى کۆیە کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەرکی هەموومانە کاربکەین بۆ کەمکردنەوەى لێکەوتەکانی گۆڕانى کەشوهەوا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەفدی میوان ئامادەیی وڵاتەکەیان دەربڕی بۆ هاوکاری هەرێم لە دەستەبەرکردنی تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی بوارەکە کە هاوڕێى ژینگەن و رۆڵییان هەیە لەکەمکردنەوەى کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا.

لەکۆبونەوەکەدا هەریەک لە خاتوو ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق و مارک سترۆ کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لەهەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دابان شەدەڵە جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەبوون.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP