کیلیان ئێمباپێ: ئەو یانە نوێیەى چاوەرێم دەکات نایابە

وەرزش
11:29 - 2024-05-26

كيليان ئێمباپێی فەرەنسى دوایین یاریی خۆى لەگەڵ یانەى پاریس سان جێرمانى فەرەنسى ئەنجامدا، کە یاریی فایناڵى جامى فەرەنسا بوو و توانیان بە 2 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەى لیۆن ببەنەوە و نازناوەکە بەدەست بهێنن، پاشان گەوهەرە فەرەنسیەکە ماڵئاواى لە یانەکەى و هاندەرانى کرد، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەکان، ئێمباپێی تەمەن 25 ساڵان وتى: بەسەر بەرزیەوە پاریس جێدەهێڵم، کۆتایی هێنانى ژیانى وەرزشیم لەگەڵ یانە فەرەنسیەکە بە بەدەستهێنانى نازناوێک کارێکى نایاب بوو، جێھێشتنى باخچەى شازادەکان کارێکى ئاسان نەبوو، تا رادەیەک دڵتەنگى کردم، چونکە بۆ ساڵانێکى زۆر بوو بە ماڵى من و زۆر شتى پێ بەخشیم.

 لە درێژەى قسەکانیدا گەوهەرە فەرەنسیەکە ئەوەشى وت: ئەوەى لەگەڵ پاریس بەدەستم هێناوە ئاسان نەبوە، ئەستەمە بتوانم لە شوێنێکى دیکە هەمان شت دووبارە بکەمەوە، وە لە کاتى گونجاودا، ناوى یانە نوێیەکەم ئاشکرا دەکەم، وە ئەو یانە نوێیەى چاوەڕێم دەکات نایابە.

لە کۆتایی قسەکانیشدا کیلیان ئێمباپێ ئاماژەى بەوە کرد: پاریس سان جێرمان بەردەوام دەبێت لە چنینەوەى نازناوەکان، منیش دڵخۆشم کە بەشێکم لە مێژووى ئەم یانەیە، لە ئێستادا ئامانجێکى گرنگترم هەیە ئەویش یۆرۆى 2024ـە.

کیلیان ئێمباپێ لە ساڵى 2017 بە شێوەى خواستن رووى کردە یانەى پاریس سان جێرمان و لە کۆى 27 یاریدا، توانى 13 گۆڵ تۆمار بکات، دواتر بۆندەکەى لەگەڵ یانەکەى پایتەختى فەرەنسا کرد بە هەمیشەیی و 178 دیدارى بە بەرگى یانەکەوە ئەنجامدا و توانى 162 گۆڵ تۆمار بکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP