تۆنى کروس: نەمتوانى رێگرى لە فرمێسکەکانم بکەم

وەرزش
12:08 - 2024-05-26

دواى 10 ساڵ یاریکردن لە ریزەکانى یانەى ریاڵ مەدرید، شەوى رابردوو تۆنى کروسی ئەڵمانى و ئەستێرە و ئەندازیارى هێڵى ناوەندى یانەکە، دوایین یاریی خۆى لە لا لیگادا ئەنجامدا و لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ماڵئاواى لە هاوڕێکانى و هاندەرانى قەڵاى شاهانە کرد، پاش کۆتایی هاتنى دیدارەکەش کروسی ئەڵمانى بەم شێوەیە بۆ دەزگاکانى راگەیاندن دوا: ئاسان نییە بۆ من پێناسەى 10 ساڵى یاریکردنم لە ریاڵ مەدرید بکەم، هەموو یانەکە هاوکارى من بوون، رۆژانى خۆش و سەختمان بەڕێکرد، هەمیشە چێژم لە یاریکردن لە مێرانگى بینیوە، هەستێکى جیاواز بوو بۆ من کەزانیم دوا دیدارمە لەگەڵ یانەکەم لە یاریگاى خۆماندا و ویستم چێژ لە یاریەکە وەربگرم.

کروسی ئەندازیارى هێڵى ناوەندى ریاڵ مەدرید، لە بەردەوامى قسەکانیدا ئاشکرایکرد: نەمتوانى رێگرى لە فرمێسکەکانم بکەم، من لەم یانەیە زۆر دڵخۆش بووم، تیپێکى نایابمان هەبوو، هەستم بە ئاسودەییەکى زۆر دەکرد، وە زۆر شتیان بە من بەخشى، هەمیشە ئەو ڕێزەیان پیشاندام کە پێم وایە شایەنى منە، بەڵام کاتى ئەوە هاتبوو ماڵئاواى بکەم، منداڵەکانیشم پاڵەپەستۆیەکى زۆریان کردبوە سەرم.

کروسی ئەڵمانى و تەمەن 34 ساڵان، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەى بەوە کرد: ویستم پێش یاریی کۆتایی چامپیۆنس لیگ، بابەتى رۆیشتنم لە ماڵى شاهانە بکەم بە رەسمى، بۆ ئەوەى لە سبەینێوە بابەتى رۆیشتنم لە یاد بکرێت، هەروەها بردنەوەى نازناوى جامە دوو گوێییەکە باشترین ڕێگە و دەسکەوت دەبێت بۆ رۆیشتن.

تۆنى کروسى ئەڵمانى، لە ساڵى 2014 لە یانەى بایرن میونشنەوە پەیوەندى بە ریزەکانى یانەى ریاڵ مەدریدەوە کرد، لە ماوەى یاریکردنى بۆ یانە ئیسپانیەکە، 306 دیدارى ئەنجامداوە و توانیوێتى 22 گۆڵ تۆمار بکات، وە 4 نازناوى لا لیگا، نازناوێکى جامى شاى ئیسپانیا، 4 نازناوى جامى سوپەرى ئیسپانیا و 4 نازناوى چامپیۆنس لیگ و 4 نازناوى جامى سوپەرى ئەوروپا و 5 نازناوى جامى جیهانى یانەکانى لەگەڵ ریاڵ مەدرید چنیوەتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP