هارى کەین بۆ یەکەمجار خەڵاتی پێڵاوى زێرینى بردەوە

وەرزش
14:28 - 2024-05-27

هارى کەین بۆ یەکەمجار خەڵاتی پێڵاوى زێرینى بردەوە
ئاکۆ بیبانى
هارى کەینى ئینگلیزى و هێرشبەرى یانەى بایرن میونشینى ئەڵمانى وەرزێکى نمونەیی لەگەڵ یانەکەى پێشکەش کرد لە ئاستى تاکەکەسى ، هەرچەندە نەیانتوانى لەسەر ئاستى تیم هیچ نازناوێکى ناوخۆیی و ئەوروپی دەستەبەربکەن ، شازادە هارى لەم وەرزەدا لە ڕووى هێرشبەرییەوە ژمارەیەکى زۆر گۆڵى تۆمارکرد و بە تۆمارکردنى 36 گۆڵ بووە گۆڵکارى خولى یانەکانى ئەڵمانیا ، بەدەر لەوەش لەسەر ئاستى خولەکانى ئەوروپاش هێرشبەرە ئینگلیزیەکە خەڵاتێکى دیکەى تاکەکەسى بۆ خۆى قۆرخکرد کە ئەویش  ( خەڵاتى پێڵاوى زێرین ) ە .
 ئەو خەڵاتەش دەبەخشرێت بەو یاریزانەى لەسەر ئاستى ئەوروپا زۆرترین گۆڵ تۆماردەکات ، هێرشبەرەکەى یانە باڤارییەکە بە تۆمارکردنى 36 گۆڵ خەڵاتەکەى بۆخۆى مسۆگەرکرد و پێش هەر یەکە لە سێریۆ گێێراسى هێرشبەرى شتوتگارت و کیلیان ئیمپاپێ کەوت ، کە یەکەمیان خاوەنى 28 گۆڵ بوو ، ئاسکە ڕەشەکەش بە 27 گۆڵ گۆڵکارى لیگاوەن بوو ، لە پلەى چوارەمیش ئیرلێنگ هالاندى نەوریژى بینرا بە 27 گۆڵ ، لاوتارۆ مارتێنێزى هێرشبەرى ئینتەرمیلانیش کە گۆڵکارى سیریا ئەى بوو بە 24 گۆڵ لە پلەى پێنجەمدا بوو .
ئەستێرەکەى  هەڵبژاردەی ئینگلتەرا  و هێرشبەری بایرن میونشنی ئەڵمانی بۆ یەکەمجارە لە ژیانی تۆپی پێیدا خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی ئەوروپی وەردەگرێت، ئەویش  دوای کۆتایی هاتنی خولە گەورەکانی ئەوروپا لە وەرزی ئێستای 2023 – 2024 .
جێى ئاماژە بۆکردنە : هێرشبەرەکەی پێشووی تۆتنهام بووە یەکەم یاریزانی ئینگلیزی کە خەڵاتی گۆڵکاری خولەکانی ئەوروپا لە دوای  وەرزی 1999-2000 بەدەستبهێنێت، کاتێک کیڤن فیلیپس ئەستێرەی پێشووی سەندەرلاند خەڵاتەکەى بەدەستهێنا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP