دەیڤد ...سەربازە وونەکەى ژوورى ئۆپەراسیۆنى ریاڵ مەدرید

وەرزش
11:54 - 2024-05-30

دەیڤد ...سەربازە وونەکەى ژوورى ئۆپەراسیۆنى ریاڵ مەدرید
ئاکۆ بیبانى
ریاڵ مەدرید باڵادەستى تەواوى بەسەر تۆپى پێى ئەوروپادا گرتوەو هەموان بەدوای سیحرو جادوى ئەو هێزە شاراوەیەى یانە ئیسپانیەکە و پادشاى ئەوروپا و چامپیۆنزلیگ وێڵن .
 لەم راپۆرتەدا باسى هێزى شاراوەو پیاوە وونەکەى نێو ئۆپەراسینۆنەکانى ریاڵ مەدرید دەکەین کە رۆڵى کارا و یەکلاى کەرەوەى هەیە .
دەیفد ئەنچیلۆتى ئەو یاریزانەى لە تەمەنى 20 ساڵیدا شکستى هێنا لە ژیانی پیشەگەرى وەک یاریزان  لە تۆپى پێ !کاتێک لە ئەى سى میلانەوە دەستیپێکرد ، دواتر و لەتەمەنى 22 ساڵیدا ڕوویکردەى جیهانى راهێنەرایەتى و ئێستا لەیەکێتى تۆپى پێى ئەوروپا خاوەنى بڕوانامەى ئەى نێودەوڵەتیە .
 سەرەتا لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتى باوکدا وەک راهێنەرى تواناى جەستەیی لە یانەى پاریس سانجیرمان دەرکەوت لە ساڵى 2012 ، پاشان لە یانەى بایرن میونشین لەگەڵ ئەنچیلۆتى باوک درێژەى بەکارەکەى دا، کاتێکیش کارلۆ بووە راهێنەرى یانەى شاهانە راستەوخۆ دەیفد وەک راهێنەرى توانای جەستەیی دەرکەوت .
دەیفد لاوێکى ژیر و لێهاتوو و خاوەن بیرۆکەى نوێیە و لاى یاریزانانى ریاڵ مەدرید و ئیدارەى یانەکەش رێزلێگیراو و قبوڵکراوە ، کارلۆ سەرپشکى کردوە لەوەى لەکاتى هەر هەڵەیەکدا دەستێوەردان بکات ، تواناى ئەوەشى هەیە راھینانەکانى یانەى شاهانە رابگرێت ، دەیفید لەم یارییانەى کۆتایی کەوتە بەر فۆکسى میدیاکان کاتێک ئەنچیلۆتى داوای ئاڵوگۆڕى بیرو ڕای لێکرد ، راهێنەرەکەى ریاڵ مەدردیش بەئاشکرا باسى لەوەکردوە لایەنە تەکنیکییەکانى ریاڵ مەدرید بەشێکى زۆرى پەیوەندى بە دەیفیدى کوڕییەوە هەیە .
لەم وەرزەدا بەتەواوى کوڕەکەى ئەنچیلۆتى درەوشایەوە ، لە یارى نێوان ریاڵ مەدرید و مانچێستەر سیتى تەواوى لێدانە سزاکان لەسەر داوا و خواستى دەیفید بووەو هەر خۆى یاریزانەکانى هەڵبژاردوە ، ئەمە جگە لەوەى لە یارى پێش کۆتایش بەرامبەر بە یانەى بایرن ، لەدەقیقەى 80 کاتێک کارلۆ داوای راوێژى لێکرد دەربارەى گۆڕانکارییەکان ، پێشنیازی کرد یارى بەخۆسیلۆ بکات ئەو یاریزانەش وەچەرخانى گەورەى خولقاند و دوو گۆڵى تۆمارکرد .
جێى دەستى کوڕەکەى ئەنچیلۆتى بەتەواوى بەسەر پێکهاتەکەى ریاڵ مەدریدەوە دەبینرێت ، بەتایبەت لە تۆپە جێگیرەکان،   لێدانى گۆشەکانیش خاڵى بەهێزى ریاڵ مەدرید بووەو چەند گۆڵێک بەو جۆرە نەخشێنراوە ،  پەرەپێدان و گەشەکردن  بە تواناى هێڵى بەرگرى یانەکە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانى بردنەوەکان  ! سەربارى ئەوەى پێکان بەرۆکى چەند یاریزانێکى هێڵى بەرگرى گرتبوو .
لەئێستاشدا چەند یانەیەکى ئەوروپا هاوشێوەى بازڵ و  ریمس و سیفییا هەوڵى واژۆکردنى بۆندى لەگەڵ دەدەن ، بەڵام کارلۆ ئەنچیلۆتى ووتویەتى تاکو لە ستافی راهێنەرایەتى یانەکە بەردەوام بێت دەیفیدیش لە سانتیاگۆ دەمێنێتەوە .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP