قوباد تاڵەبانی پێشوازی کرد لە محەمەد زارعی پاڵەوانی نێودەوڵەتی کورد

وەرزش
15:05 - 2024-06-13

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران رۆژی پێنج شەمە ( ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤) لە هەولێر پێشوازی کرد لە محەمەد زارعی پاڵەوانی نێودەوڵەتی کورد و پشتگیری خۆی بۆ بەردەوامبوونی ئەو پاڵەوانە کوردە لە بەدەستهێنانی نازناوە نێودەوڵەتییەکاندا دووپات کردەوە.

محەمەد زارعی یاریزانی نێودەوڵەتی وەرزشی MMAیە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەشداری چەندین پاڵەوانێتی کردوە و ئەنجامی گەورەی بەدەستهێناوە. 
لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران ستایشی هەوڵ و کۆڵنەدانی محەمەد زارعی کرد کە وەک یاریزانێکی کورد بەشداری لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا کردوە و بە سەرکەوتنەکانی ناوی کورد و کوردستانی بە بەرزی راگرتووە.
قوباد تاڵەبانی هانیشیدا کە بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورەتر لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا و بۆ ئەم مەبەستەش پشتگیری خۆی بۆ دووپات کردەوە.  

لای خۆشیەوە محمد زارعی سوپاسی جێگری سەرۆکوەزیرانی کرد کە هەمیشە پشتگیری لە وەرزشوانانی کورد دەکات بۆ ئەوەی خەونەکانی خۆیان بەدیبهێنن و شانازی بۆ کورد و کوردستان لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا تۆمار بکەن.   

محمد زارعی کە بە گۆرێلاکەی کورد ناسراوە، خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی نەرویجە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا چەندین دەستکەوتی لە یاری MMA بەدەستهێناوە. لە مانگی ئازاری ئەمساڵیشدا لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی  CFL8 کە ناوەندی وەرزشی کوردستان ڕێکیخستبوو بەشداربوو و توانی لە کێشی ٨٤ کگم بەسەر حەیدەر دارستانی ڕکابەریدا سەربکەوێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP