وەزیری نەوت: بەتەواوکردنی پرۆژەکان هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە رادەگرین

ئابوری
15:14 - 2024-06-25

حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، له‌ دوای ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌ بواری غازی سروشتی، عێراق هاورده‌كردنی غاز له‌ ئێرانه‌وه‌ ڕاده‌گرێت.
حه‌یان عه‌بدولغه‌نی له‌ میانی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا رایگه‌یاندوه‌، له‌ئێستادا هاورده‌كردنی غازی ئێران به‌مه‌به‌ستی كارپێكردنی وێستگه‌كانی كاره‌با به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام بڕی غازی هاورده‌كراو به‌شی كارپێكردنی سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی كاره‌با ناكات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی له‌ عێراق دو ملیۆن پێی سێجای تێپه‌ڕاندوه‌، له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵیشدا ڕێژه‌یه‌كی نوێ له‌ وه‌به‌رهێنانی غاز تۆمارده‌كه‌ین".
وه‌زیری نه‌وتی عێراق باسی له‌وه‌شكرد، "ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌ جێبه‌جێكردنی هه‌شت پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ غازی سروشتی، جگه‌ له‌وه‌ش قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ی وێستگه‌ی وزه‌ی خۆر له‌ ساڵی داهاتودا ته‌واو ده‌بێت".
حه‌یان عه‌بدولغه‌نی ئاشكراشیكردوه‌، قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ی وزه‌ی خۆر دابینكردنی 250 مێگاوات له‌خۆده‌گرێت، هاوكات كۆمه‌ڵێك ڕێككه‌وتنمان ئه‌نجامداوه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ غازی په‌ستانی نزمدا، به‌ جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانیش له‌بواری غاز و وزه‌ی خۆر، هاورده‌كردنی غاز له‌ئێرانه‌وه‌ راده‌گرین.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP