ئینگلتەرا ترسی دوبارەبونەوەى سیناریۆى 2016 ى هەیە

وەرزش
13:27 - 2024-06-30

ئینگلتەرا ترسی دوبارەبونەوەى سیناریۆى 2016 ى هەیە
ئاکۆ بیبانى

یارى قۆناغی شانزەى یۆرۆى 2024 و بەرەنگاربونەوەى هەڵبژاردەى سلۆفاکیا دەبێتە هەنگاوى یەکەم بۆ ماڵئاوایکردنى ئینگلیزەکان ! یاخود هەنگاو نان بەرەو نازناوى یۆرۆ بۆ جارێکى یەکەم لەمێژوودا.
 سەربارى ئەوەى هەڵبژاردەى ئینگلتەرا لە قۆناغى گروپەکان بەیەکەمى کۆمەڵەکەى سەرکەوت بۆ قۆناغى شانزە ، بەڵام تیپەکەى ساوسگەیت بەدەر نەبووە لە رەخنە ، زۆرترین کاردانەوە لە ناوخۆى ووڵاتەکە و دەرەوەى هەڵبژاردەکەش هەبووە،  بەوەى سیماى پاڵەوانبوونى تێدا بەدى ناکرێت،  سەربارى ئەوەى پێکهاتەیەکى پڕ لەئەستێرەى هەیە و هیچ کەم و کوڕییەکى نیە .
 ساوسگەیتی ڕاهێنەر گەورەترین ڕەخنەی لەسەر ئاستی تیپەکەی لە پاڵەوانێتییەکەدا لەسەرە ، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی سەقامگیری لە پێکهاتەکەدا و بەدیاریکراوى  لە هێڵی ناوەڕاستدا، چونکە پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە ئەلێکساندەر ئارنۆڵدی بەرگریکاری لیڤەرپوول لە هێڵی ناوەڕاستدا شانبەشانی ڕایس و بێلینگهام بخاتە نێو هێڵی ناوەڕاستەوە، تاقیکردنەوەکە لە دژی سربیا ئەنجامى داو  سەرکەوتوو نەبوو.
ئینگلیزەکان ترسیان لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆکانی ڕابردوو هەیە، چونکە تیپەکە قۆناغێکی هاوشێوەی تێپەڕاند لە چاپی  ٢٠١٦ لە فەرەنسا بە سەرکردایەتی ڕۆی هۆدسۆن، کاتێک لە قۆناغی شانزەدا لە پاڵەوانێتیەکە دوورخرایەوە،  لەو کاتەدا هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لەلایەن ئایسلەندا دوورخرایەوە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بەشداریی کرد ،  ئەمەش ئەو فاکتەرەیە کە تیپی سلۆڤاکیا و ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکەی فرانسیسکۆ کالزۆنا هەوڵی کارکردنی لەسەر دەدەن لە ماوەی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا .
هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا بۆ جاری دووەم لە مێژووی خۆیدا سەرکەوت بۆ قۆناغی ١٦، دوای ئەوەی لە کۆمەڵەی پێنجەمی پاڵەوانێتییەکەدا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
بۆ ئەو یارییەش هەڵبژاردەى سێ شێرەکە ڕوبەڕووى توانجى گەورە بۆتەوە چۆن دەکرێت هەڵبژاردەیەکى زلهێزی وەک ئینگلتەر لە سێ یاریدا تەنها دوو گۆل تۆماربکات ، لەکاتێکدا ئەڵمانیا 8 گۆڵ و پورتوگال و ئیسپانیا هەر یەکەو 5 گۆڵیان لە قۆناغى گروپەکان تۆمارکردوە .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP