وەزیری بازرگانی عێراق: ئاستی خۆبژێویمان لە بەرهەمی گەنم لە عێراق و هەرێم تێپەڕکردووە

ئابوری
15:05 - 2024-06-30

وەزیری بازرگانیی عێراق رایدەگەیەنێت ئاستی خۆبژێویمان لە بەرهەمی گەنم لە عێراق و هەرێم تێپەڕکردووە.
ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم بەردەوامەو نەوەستاوە، بەڵام ئاستی وەرگرتنی گەنم لە ئەمساڵدا، ئاستی ساڵی رابردووی تێپەڕکردووە کە پێنج ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم بوو، ئاماژەی بەوەشدا، ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمی گەنم لە هەرێم و عێراق بەدەستهاتووە.
وەزیری بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگیدان بە کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان، بەشێکی ستراتیژیی بنەڕەتییەو هاوشانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە لە بواری کشتوکاڵدا کە دەیەوێت وەک هۆکارێکی کاریگەری گەشەسەندن سوودی لێ وەربگرێت.
باسی لەوەشکرد، عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو لەسەر رێگەی گەشەسەندن و بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ بێت، ئەوا لەسەر رێگەیەکی راستە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بەرەوپێشبردنی وڵات.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP