ناردنی مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی هه‌رێم ره‌تده‌كرێته‌وه‌

ئابوری
16:02 - 2024-07-03



هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکرێتەوە کە باس لە ناردنی مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی مەدەنی بۆ مانگی حوزەیران لەلایەن دارایی عیراقەوە دەکرێت، ئەندامێکی لیژنەی داراییش ئاماژە بۆئەوەدەکات: "حکومەتی هەرێم هۆکارە بۆ دواکەوتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن عیراقەوە".

عیراق ناتوانێت مووچەی هەرێم نەنێرێت
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "هەتا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن دارایی عیراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی دارایی هەرێم".

د. نەرمین مەعروف  وتی:"بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە، بە هیچ شێوەیەک حکومەتی عیراق ناتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێرێت، بەڵام بەهۆی هەندێک رێکاری یاساییەوە چەند مانگێکە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن عیراقەوە دوادەکەوێت، تەنانەت بەهۆی وردبینی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانەوە، هەتا ئێستا نەتوانراوە مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت"

حکومەتی هەرێم لیستی مووچە درەنگ دەنێرێت
د. نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەشدا: "یەکێک لەو کێشانەی کە بووە هۆی دواکەوتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە هەیە، کە مانگانە  لیستی مووچە درەنگ دەنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عیراق، ئەمە جگە لەوەی لە چەند مانگی رابردووشدا، هەموو مانگێک کێشە لە لیستی مووچەخۆراندا هەبووە و دارایی عیراق داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی کردووە".

د. نەرمین مەعروفباسی له‌وه‌شكرد كه‌ :"دوای 10 ساڵ دابڕانمان لە حکومەتی عیراق لەڕووی داراییەوە، چەند مانگێکی دەوێت هەتا سیستمی مووچە لە هەرێم رێکدەبێتەوە، بەڵام دواجار هەردوو حکومەت پابەند کراون بە چەند بڕیارێکەوە کە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانەو رێگری دەکات لە نەدان یاخود دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم" 

هەتا ئەمڕۆ 3ـی 7ـی 2024، حکومەتی عیراق مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی مەدەنی نەناردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەشێك لە هێزە ئەمنییەکان هەتا ئێستا مووچەی مانگی ئایاریشیان وەرنەگرتووە و چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی ئایندەدا دارایی عیراق مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی مەدەنی بخاتە سەر هەژماری بانکی دارایی هەرێم.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP