ئه‌ڵمانیا به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانی بۆ پێشمه‌رگه‌ دووپاتده‌كاته‌وه‌

کوردستان
20:24 - 2024-07-03


ئەمڕۆ ٣ـی تەمموزی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان  پێشوازی کرد لە "کلاوس دیتەر شترایشەر" کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و کۆلۆنێڵ" لارس پێرسیکۆڤسکی" فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی یاوەریان.لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا،کە فریق رکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ڕاوێژکار و بەرێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان تییدائامادەبوون. وەزیری پێشمەرگە باسی لە پرۆسەی چاکسازی و دۆخی سیاسی و سەربازیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەو پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا کرد. هەروەها رایگەیاند: جەختدەکەینەوە، لە بەردەوامیدان بەو پەیوەندییە ستراتیژییە دوورمەودایەیی نێوانمان، سوپاسی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین لە بەرامبەر پشتیوانی و هاوکاریی هەمیشەییان بۆ پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیواخوازین  هەماهەنگی زیاتر درووست ببێت لە نێوانماندا.لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان،رێکەوتنامەیەکیان بۆ پرۆژەکانی بەرزکردنەوەی توانا و پاڵپشتیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە واژۆکرد. کەبەمەش حکومەتی ئەڵمانیا هاوکاری زیاتر لە چەند بوارێکدا پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات. وەزیری پێشمەرگە دەربارەی رێکەوتننامەکە رایگەیاند: ئەمە دەبێتە دەستکەوتێكی پێویست و پشتیوانییەکی گرنگ و گەورەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گەشەپێدانی توانای سەربازی و بەرەوپێشبردنی گشت بەش و یەکە کارگێری و سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستا و ئایندەدا.  لەلای خۆیەوە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، دڵخۆشی خۆی دەبری لەبەرەوپێشچوونی کارەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشـمەرگە هەروەها لەبارەی واژۆکردنی لێكتێگەیشتنامەکە وتی: حکومەتی ئەڵمانیا بە ئەرکی خۆی دەزانێت پاڵپشتی وەزارەتی پێشمەرگە بکات و هاوکارتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەشەپێدانی زیاتری توانای سەربازی هێزی پێشمەرگە. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا،پەیوەندییەکانی داهاتوو و کاری پێکەوەیی نێوان هەردوولا و چەندین پرۆژە و بابەتی گرنگ تاوتوێکران .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP