سبه‌ینێ‌ ده‌ستبه‌دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی حوزه‌یران ده‌كرێت

ئابوری
12:25 - 2024-07-06


بڕیارە سبەینێ یەکشەممە 7ـی 7ـی 2024، مووچەی مانگی حوزەیرانی بەشێك لەو توێژانە دابەشبکرێت کە مووچەکانیان لە بەغداوە رەوانەی هەرێم کراوە، وەزارەتی دارایی هەرێمیش رایگەیاندووە: "سبەینێ دەوامی بانکەکان ئاسایی دەبێت و پشوو نایانگرێتەوە".

سبەی لە بانکەکان پشوو نییە و مووچە دابەشدەکرێت
لە راگەیەندرواوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە: "لە گەڵ ئەوەی سبەینێ یەکشەممە 7ـی 7ـی 2024، پشووی فەرمییە لە سەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە ئاسایی دەبێت کەئەرکی دابەشکردنی مووچەیان لە ئەستۆدایە".

رۆژی رابردووش وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندبوو: "بڕی 231 ملیار و 605 ملیۆن و 531 هەزار دینار وەک تەمویلی شایستەی مانگی حوزەیرانی (کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی) خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق".

بەپێی راگەیەندراوەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، سبەینێ یەکشەممە 7ـی 7ـی 2024، مووچەی سەرجەم ئەو توێژانە دابەشدەکرێت کەلەسەرەوە ئاماژە بەناوەکانیان دراوە.

بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان بە سێ مانگ یەک مووچەیان وەرگرتووە
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان لە رۆژی 8ـی 4ـی 2024دا مووچەی مانگی ئاداریان وەرگرت، هەروەها لە رۆژی 12ـی 6ـی 2024 دا مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرت، تا ئێستاش مووچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە و چارەنووسی مووچەی مانگی حوزەرانیشیان نادیارە، بەوپێیە لەماوەی سێ مانگدا تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP