بەرازیل لە تیمێکى ترسناکەوە بۆ
تیپێکى بێ رۆح
ئاکۆ بیبانى
بەرازیل چیتر مایەى هەڕەشەو ترس نیە
بۆ هەڵبژاردەکانى جیهان ، چیتر ئەو تیپە سامناکە نیە کە لە رابردوو پێى
دەناسرایەوە ، سیلیساو چیتر ناگات بە کۆتایی پاڵەوانێتیە گەورەکان ، لە جامى
جیهانى تاکو قۆناغى هەشت دەڕوات و ماڵئاوایی دەکات ، لە کۆوپا ئەمریکا هەر زوو
دووردەخرێتەوە .
بەرازیل لانکەى تۆپى پێ و سەرچاوەی
ئەستێرە گەورەکان بوو ، بەرازیل خاوەن دەیان ئەستێرەیی مێژوویی بوو ، هیچ سەردەم و
کاتێک نەبووە سامبا یاریزانى ئەفسانە و تۆقێنەرى نەبێت ، هیچ زەمەنێک ڕووى نەداوە
یەکێک لە باشترینەکانى جیهان لەبەرازیلەوە دەرنەکەون ، ئێستا تیپى تۆپى پێى ئەو وڵاتە
هاوشێوەى گوزەریانیان، لە ڕووى رۆحیەت و
ئەستێرەى تۆپى پێوە هەژارن ، ئیستا بەرازیل تیمێکى ئاسایی ئەمریکاى باشوورەو لە
پاشەکشەى بەردەوامدایە ، ئەوەتا ئەو بەرازیلەى کە لە رابردوودا هەمیشە لەسەر سەکۆى
نازناوەکان بوو چەندە داماو و مەلولە ، ئەو بەرازیلەى جیهان بەدەستییەوە گیرى
خواردبوو ئێستا وێڵى تۆمارکردننى گۆڵێک و بردنەوەیەکە ، ئێستا هەڵبژاردەى بەرازیل
بە دەست نەبوونى راهێنەرێکى بەئەزمونەوە دەناڵێنێت ، یاریزانەکان هیچ رۆحییەتێکیان
بۆ وڵاتەکەیان نیە ، تەنانەت لە پاڵاوتنەکانى ئەمریکاى باشوور بۆ گەیشتن بە جامى
جیهانى 2026 حاڵیان خراپە .
ئەم پێکهاتەیە رووبەڕووى دەیان رەخنەى
توند لە ناوخۆى ووڵاتەکەو شەقامى وەرزشى بۆتەوە ، چۆن دەکرێت یەکێک لە زلهێزترین
ووڵاتەکانى تۆپى پێ کە 5 ئەستێرە لەسەر درێسەکەى بێت ئەمە بارودۆخەکەى بێت و رۆژ
بە رۆژ تۆپى پێ لە ووڵاتە لە پاشەکشەدابێت ، چۆن دەکرێت سەرکردەیەک نەبێت کە
پێشڕەوى وڵاتەکەى بکات و بەرەو کەنارى ئارامى ببات ، لە رابردوودا بەرازیل بە
بەهێزى ، بەسەرەنج راکێشى بە نمایشى ناوازە ، بە چێژ ناسرابوو ، وەلێ ئێستا
بەرازیل هیچ یەک لەم سیفاتانەى تێدا نەماوەو وا هێدى هێدى دواین بزمار لە تابووتى
خۆى دەدات .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP