ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە: داواکارییەکانی عیراق سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ جێبەجێ ده‌کەین

کوردستان
19:22 - 2024-07-08



ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ PUKMEDIA ئاماژە بە هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و رایدەگەیەنێت: "لەئەنجومەنی وەزیرانەوە راسپێردراوین داواکارییەکانی دیوانی چاودێری و وەزارەتی دارایی عیراق بەپێی ئەو رێنماییانەی داوامان لێکراوە جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ناردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەبەغداوە دوانەکەوێت، هاوکات پێشنیاری هاوتاکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەشمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عیراق کردووە".

لەبارەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانانیشەوە رایگەیاند: "هاوکارییەکانی هاوپەیمانانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی هەیە و بەپێی رێنماییەکانی هاوپەیمانان هاوکارییەکە بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا دابەشدەکرێت".

زانیاری و داتاکان نێردراون بۆ دارایی عیراق
لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA رایگەیاندووه‌: "دواکەوتنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە پەیوەندی بە دووبارە داواکردنی زانیاری نوێوە هەیە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عیراقەوەو لەئێستادا دارایی هەرێم هەوڵی جێبەجێکردنی داواکارییەکان دەدەن، بۆ ئەوەی جارێکیتر ئەو زانیاریانەش بۆ عیراق بنێرێت، کەلە راستیدا دیوانی وەزارەت لەرووی لیستی مووچە و زانیارییەوە کێشەی کەمترە".

"دوای ناردنی زانیارییە نوێیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دیوانی چاودێری و وەزارەتی دارایی عیراق وردبینی لە لیستە نوێیەکەدا دەکرێت و ئەگەر کێشەی نەبێت بڕیاری خەرجکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێت"، لیوا روکن بەختیار وای وت.

هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عیراق پێشنیازکراوە 
لەبارەی هاوکاری حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی عیراق، لەبارەی ناردنی مووچەی هێزی پێشمەرگەوە لیوا روکن بەختیار محەمەد رایگەیاند: "وەزارەتی پێشمەرگەو هاوکات وەزارەتی داراییش بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران راسپێردراون، ئەو داواکارییانەی چاودێریی و دارایی عیراق داوای دەکەن لەبارەی تەواوکردنی رێکارەکانی لیستی مووچەوە پێویستە هاوکاریان بین".

ئەوەشی خستەروو: "وەک وەزارەتی پێشمەرگە پێشنیاری هاوتاکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عیراق کردووە، کەبێگومان پێویستە دارایی هەرێم پێشنیارەکەمان بگەیەنێتە ئەنجومەنی وەزیران، هاوکات لەنێوان هەردوو حکومەتدا لێکتێگەیشتنێک هەبێت کە هاوتاکردنەکە کاریگەری نەبێت لەسەر ئەو پشکەی بۆ هەرێم دەنێردرێت".

هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بەردەوامە
سەبارەت بە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "هاوکارییەکانی هاوپەیمانان کەلە رابردوودا بەشێوەی مووچە دەدرا بە لیوا هاوبەشەکان، لە ئێستادا بەشێوەی هاوکاری دەدرێت بە پێشمەرگە و بەردەوامی هەیە، دابەشکردنی هاوکارییەکەش بەپێی ئەو رێنماییانەیە کە هاوپەیمانان داوایان کردووە".

"وەزارەتی پێشمەرگە بە لیوا هاوبەشەکانیشەوە مووچەکانیان دەخرێتە سەر بەغدا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەمێنێتەوە، بەڵام هەوڵی زیاتری پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی فیدراڵ دەدرێت"، لیوا روکن بەختیار محەمەد وا دەڵێت.

هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکان بەردەوامە
لە وەڵامی پرسیارێکی PUKMEDIA دا سەبارەت بە چاکسازی و یەکگرتنەوە لەناو هێزی پێشمەرگەدا ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا: "پرۆسەی چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی هەیە و هەوڵەکانیش بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکان بەردەوامە، هەرچەندە یەکگرتنەوەی هێزەکان بەپێی خواستی ئێمە نییە و چاوەڕوانمان دەکرد پرۆسەکە خێراتر بەڕێوەبچوایە، بەڵام بێگومان  هۆکاری سیاسی و کێشەی ماددی و پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و هەرێم لەگەڵ بەغداش کاریگەری لەسەر پرۆسەکە هەبووەو خاوی کردوەتەوە".

داوای پێدانی سیستەمی بەرگریمان کردوە
بەردەوام ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە لەرێگەی درۆنەوە دەبەزێنرێن و ئەمەش وەزارەتی پێشمەرگەی ناچارکردووە، کەداوای سیستمی بەرگری لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکات و لەو بارەیەشەوە لیوا روکن بەختیار محەمەد دەڵێت: "بەزاندنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و بەئامانجگرتنی هەندێک ناوچە لەلایەن درۆنەکانەوە کەلە دەرەوەی سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە دێن کاریگەری خراپی لەسەر ئارامی ئەو ناوچانە دروستکردوەو داوامان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە هاوکارمان بن بەپێدانی سیستەمی بەرگری، بەڵام تا ئێستا بەدەستمان نەگەیشتووە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP