سه‌رۆك كۆمار : لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی رژێمی پێشوو بكرێت

عێراق
17:46 - 2024-07-10


د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە وەفدێکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە سەرۆکایەتی خاتوو ئانا پیرۆ لۆپێس، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەسەر گرنگی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کۆمەڵکوژی، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی پێشوودا ئەنجامدراون.

دیدارەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی 7ـی 2024 بەڕێوەچووە و بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار کە وێنەیەکی دەست PUKMEDIA کەوتووە، تێیدا هاتووە: "سەرۆك کۆمار رۆڵی تیمی لێکۆڵینەوەی بەرزنرخاندووە بۆ مسۆگەرکردنی لێپرسینەوە لەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی عیراق کراون، هەروەها جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عیراق و تەواوکردنی ئەرشیفکردن و دۆکیومێنتکردنی بەڵگە و بابەتەکانی پەیوەست بەو تاوانانە کردووەتەوە".

"سەرۆكکۆماری عیراق جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کۆمەڵکوژی، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی پێشوودا ئەنجامدراون وەك کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە و گۆڕە بەکۆمەڵەکان"، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، وەفدەکە باسی لە کاری تیمەکە و ئەو هەوڵانە کردووە کە ئەنجامدراون بۆ دۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و گرنگی کارکردن لەگەڵ شارەزایانی یاسایی عیراقی بۆئەوەی بتوانن زانیاری و بەڵگە لەسەر هەموو ئەو تاوانانە کۆبکەنەوە کە بەرامبەر بە گەلی عیراقی کراون.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP