وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رێگریی دەکات لە مامۆستایانی کەرکوک لەزانکۆی کەرکوک بخوێنن

کوردستان
16:04 - 2024-07-13

سەرپەرشتارێكی پەروەردەیی لەخوێندنی كوردی کەركوك بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بەشی كوردی لەزانكۆی کەرکوک، بۆ یەكەمجار دەرگای بەڕووی خوازیارانی خوێندنی باڵادا كردەوە بۆ خوێندنی (ماستەر)، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم رەتیکردووەتەوە ڕازامەندی بدات بەمامۆستاو فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم لەشارەکە درێژە بەخوێندن بدەن.
ڕەسوڵ رەئوف سەرپەرشتیاری پەروەردەیی زمانی كوردی لەخوێندنی کوردی کەرکوک رایگەیاند، دوای هەوڵدانێكی زۆرو ساڵانێك چاوەڕوانیی، دواجار ئەمساڵ بۆ یەكەمجار زانكۆی کەرکوک دەرگای بەڕووی خوازیارانی خوێندی باڵادا كردەوە، ئەمەش دەرفەتێكی باشبوو بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی كەركوك تا لەوێ درێژە بەخوێندن بدەن، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم ڕێگە نادات فەرمانبەرانی لەو بەشە بخوێنن.
باسی لەوەشكردوە، مامۆستاو فەرمانبەری خوێندنی کوردی، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو بەشە بخوێنێت، دەبێت وازهێنان لە كار یاخود مۆڵەتی بێ موچە بكات، ئەگەرنا بۆی نییە لەو زانکۆیە بخوێنێت، ئەمەش بەشێکە لەو فشارانەی دەکرێتەسەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی کەرکوک.
ئەمەش لەکاتێکدایە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی عەرەبی لەکەرکوک سەرپشکن لەخوێندن و بەدەستهێنانی بروانامەی باڵاو هەموو مافێکیشیان پێدەدرێت.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP