سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: تۆڵەی خوێنی شەهید جوامێر دەکەینەوە

کوردستان
16:24 - 2024-07-14

شەهیدبوونی (جوامێر عەزیز رەشید) تێکۆشەری کوردستان و کارمەندی هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە رووبەڕووبوونەوەیەکی تیرۆریستانی داعش لە قەرەهەنجیر، خەمێکی گەورەیە و لە دڵەوە نیگەرانین.

شەهید جوامێر لەپێناو سەرفرازیی خەڵک و سەقامگیریی خاکەکەمان گیانی بەختکرد و ئەمەش بەرزترین پلە شەهادەتە کە هەرگیز لەیادی ناکەین. کەسوکارە سەربەرزەکەشی دڵنیادەکەینەوە تۆڵەی خوێنی شەهید جوامێر دەکەینەوە و وەکچۆن بەڵێنمانداوە هیچ پانتاییەک بۆ تیرۆر و تیرۆریستان نەهێڵینەوە، ئەم کۆستە گەورەیەش سوورترمان دەکات بەتوندترین شێوە رووبەڕوویان ببینەوە.

لەخوای گەورە داواکارم شیفای کارمەندە بریندارەکان بدات و سوپاسی دڵسۆزی و خۆڕاگرییان دەکەین. ستایشی هەوڵ و شەونخوونی هێزەکانی ئاسایش و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی کوردستان دەکەین کە ماندوونەناسانە سەقامگیریی هەرێمەکەمان و ژیانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان دەپارێزن.

پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری سەربەرزی کاک جوامێر عەزیز و هەڤاڵانی دەکەم و هاوبەشی ئەم ماتەمەم. خوای گەورە هەڤاڵ جوامێر بە بەهەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەهەموولایەک ببەخشێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP