هێزی فرۆکەوانی عیراق لەسەر زانیاری ئاسایش مۆڵگەی تیرۆریستانی بۆردومانکرد

کوردستان
14:17 - 2024-07-15

شەوی رابردوو هێزی فرۆکەوانی عیراق، لەسەر زانیاری وردی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، و لە سنوری قەزای داقوق، مۆڵگەی تیرۆریستانی داعشیان بۆردومانکرد .

هێزی ئاسمانیی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، مۆڵگەی ئەو چەكدارانەی داعشیان بۆردومانکرد كە دوێنێ دوو چەكداریان لە ناحیەی قەرەهەنجیر پەلاماری هێزەكانی ئاسایشیان دابوو.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان بڵاویكردەوە، ئەو چەكدارە داعشەی دوێنێ بە برینداری لەلایەن هێزەكانی ئاسایش لەناحیەی قەرەهەنجیر دەستگیرکرا، دانی ناوە بەوەی كە مۆڵگەیان لە پەڵكانەیە لە سنوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین و ژمارەیەك چەكداری تری داعشی تێدایە.

باس لەوەش كراوە، لەسەر بنەمای ئەم زانیارییانە، مۆڵگەی چەكدارانی داعشیان بۆمباران كردوە و حەشارگەكە بەسەر چەكدارەكاندا خاپوور كراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ لەئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی دوو تیرۆرستی داعش لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش لە ناحیەی قەرەهەنجیر، کارمەندێکی ئاسایش بەناوی (جوامێر عەزیز) شەهیدبوو و یەکێکی دیکەش برینداربوو.

هاوکات لەلایەن هێزی ئاسایشەوە توانرا یەکێک لەو تیرۆرستانە بکوژرێت و تیرۆریستەکەی دیکەش بە برینداری دەستگیرکرا.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP