بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق و وەفدێکی باڵای سەربازی و ئەمنی.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری و لیوا روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ٧٠ ئامادەبوون، دوایین پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەکان تاوتوێکران و دەرئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی گفتوگۆی لەبارەوەکرا. بەردەوامیی هەماهەنگییە هەواڵگری و ئەمنییەکانی سەرجەم هێزە چەکدارەکان بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی ئەمنی و چالاکییە تیرۆریستییەکانی داعش لە ناوچەکە بەرچاوڕوونیدا و ئاماژەی بەوەکرد، روونە مەترسییەکانی تیرۆر کۆتاییاننەهاتووە و جموجوڵەکانی داعش بەردەوامە، بۆیە پێویستە هاوکارییە هەواڵگری و ئەمنییەکانیش بچنە ئاستێکی باڵاتر و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر توندتربکرێتەوە تاوەکو هیچ بوارێکیان بۆ نەمێنێتەوە و سەقامگیری و ژیانی خەڵکەکەمان پارێزراوبن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP