وەزارەتی گواستنەوەی عیراق: لەهەوڵداین گەمارۆی ئەوروپا لەسەر هێڵی ئاسمانیی عیراق هەڵگرین

عێراق
12:24 - 2024-07-17

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشکرایکرد، هەنگاوی گرنگیان بە ئاڕاستەی هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەوروپا لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراقی ناوە.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڵاویکردەوە، هێڵی ئاسمانیی عێراقی بەچاودێریی وەزیری گواستنەوە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی، بۆ تەواوکردنی سەرجەم رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی داخوازییەکانی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی ئاسمانی.
ئاماژە بەوەشکراوە، مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسمانیی عێراقی، گرێبەستێکی راوێژکاریی و جێبەجێکردنی لەگەڵ یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی ئاسمانی ئیمزا کردووە، بۆ پشتیوانی لەو دۆسیەیە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دوای دوو مانگی دیکە، قۆناغی دووەمی هەوڵەکان دەستپێدەکات، کە ناسراوە بە رێوشوێنی راستکردنەوەی پابەندبوون بە مەرج و رێنماییەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی.
رێکخراوی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی دەڵێت، تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی عێراق و هێڵی ئاسمانی ئەو وڵاتە، پابەند نەبوون بە رێوشوێنەکانی سەلامەتیی فڕۆکەوانی، بۆیە گەمارۆکانی هێڵی ئاسمانیی ئەوروپای لەسەر هەڵناگیرێت.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP