سەرۆک بافڵ : دڵسۆزی و خۆڕاگریی مامۆستایان و پەروەردەكاران لەیادناكەین

کوردستان
21:59 - 2024-07-19

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایى خۆى ئاڕاستەى خوێندکارە سەرکەوتووەکانى پۆلى ١٢ دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە  دڵسۆزی و خۆڕاگریی مامۆستایان و پەروەردەكاران لەیادناكەن ، هەروەها سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی خێزان و كەسوكاریان دەکات.

دەقی پەیامەکە :

لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزبایی لە خوێندكارە سەركەوتووەكانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی دەكەم و هیوای داهاتوویەكی گەشتر و پرشنگدارتریان بۆ دەخوازم. ئەو خوێندكارانەش كە ئەنجامی دڵخوازی خۆیان بەدەستنەهێنا، دڵنیام بە ئومێد و كۆششێكی زیاترەوە لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن و بە ئامانجەكانیان دەگەن.

سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی خێزان و كەسوكاری خوێندكاران دەكەم كە هەمیشە لە هەوڵی پێگەیاندنی نەوەیەكی داهێنەردان بۆ كوردستان، وەكچۆن دڵسۆزی و خۆڕاگریی مامۆستایان و پەروەردەكاران لەیادناكەین كە سەرباری سەختی و ئاستەنگییەكان، رەوتی پەروەردە و فێركردنیان بەرەوپێشبرد و ئەم مێژووە پرشنگدارەیان نووسییەوە.

لە رابردوودا بەشێوەیەكی كرداری لەخزمەت گەنجان و خوێندكارانی خۆشەویستی كوردستاندا بووین، چونكە بڕوای تەواومان بەوە هەبووە گەنجان و لاوانمان گەورەترین سەرمایەی نیشتمانن و داهاتووی كوردستان لەدەستی ئەواندایە. ئێستاش دووپاتیدەكەینەوە بە ئەوپەڕی توانامانەوە هەوڵی بەدیهێنانی ژینگەیەكی لەبارتر و گونجاوتر دەدەین تاوەكو پەرە بە تواناكانیان بدەین و خەونەكانیان بكەن بە راستی.


دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP