بەهۆی بەقاچاخ بردنى نەوتى کەرکوک بۆ هەرێم سێ ئەندازیار و چەند کارمەندێکى نەوتى باکور دەستگیرکران

کوردستان
14:15 - 2024-07-24

بەهۆی بەقاچاخ بردنی نەوت هێزێکی ئاسایشی حکومەتی فیدراڵی عێراق پەلاماری کۆمپانیای نەوتی باکوریدا لە کەرکوک و چەند کەسێکیان دەستگیرکرد

ئەوانەى دەستگیرکران سێ ئەندازیار و چەند كارمەندێكی دیكەی كۆمپانیای نەوتی باكوربوون لە كەركوك، کە بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن هێزێكی تایبەتەوە كە لە بەغدادەوە هاتوون، دەستگیركران.

سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور بڵاویکردەوە، هێزێكی تایبەتی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چوونەتە سەر ئەو كۆمپانیایە و سێ ئەندازیار و چەند كارمەندێكی دیكەیان دەستگیر كردووە.

بە پێی ئەو سەرچاوەیە، سێ ئەندازیارەكە لە كوردێك و دوو عەرەب پێكهاتوون و هۆكاری دەستگیركردنیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بۆڕییەكى نەوتى لەنێوان كۆمپانیای نەوتی باكور و هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە رۆژانە بڕێكی دیاریكراو نەوتی پێدا رەوانە دەكرێت بۆ پاڵاوتن، بەڵام ئەو ئەندازیارانە سەرپەرشتی ئەو هێڵەیان کردووە و رۆژانە لەو بڕە زیاتریان ناردووە.

بە پێی زانیارییەكان، هێزەكەی عێراق وتویانە حكومەتی عێراق سێ مانگە چاودێری ئەو پڕۆسەیە دەكات و دوای ئەوەی بۆی پشت راست بووەتەوە، ئەو ئەندازیارانە دەستگیركراون و راستەوخۆ گواستراونەتەوە بۆ بەغداد.

لاى خۆشیەوە سۆران عومەر ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق بڵاویکردووەتەوە: دزییەکی گەورە لە هەناردەی نەوتی کەرکوک بۆ پاڵاوگەی کار ئاشکرا دەبێت و سێ فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتی باکور دەستگیر دەکرێت! .. کۆمپانیای نەوتی باکور کاتێک رۆژانە نەوتی بەبۆری هەناردەی پاڵاوگەی کار کردوە تاکو بۆ عێراقی بپاڵێون، بەڵام لەو رێژەی کە ناردویانە لەوە کەمتریان تۆمارکردوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە: ئاسایشی نیشتمانی عێراق و دەستەی دەستپاکی پاش کۆکردنەوەی بەڵگە دەدەن بەسەر کۆمپانیای نەوتی باکور و سێ کەس دەستگیردەکەن کە لەسەر عەدادی ناردنی نەوتەکەن! گومان دەکرێ ئەم بابەتە خەڵکی زیاتری تێدا تێوەبگلێت کەبەشداربوون لەبردنی ئەو نەوتە.

هەروەها مستەفا سەنەد ئەندامى پەرلەمانی عیراق لەسەر ئەو پرسە هاتۆتە دەنگ و دەڵێت: بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی نەوت لە کەرکوکەوە بۆ پاڵاوگەی کار لە هەرێم، هێزێکی بەغداد چوار تۆمەتباریان لە کەرکوک دەستگیرکرد .. نا بابە قاچاخچێتى نییە !

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP