سەرۆک کۆماری عیراق سەردانی کەرکوک دەکات

عێراق
20:52 - 2024-08-24

بڕیارە بەم نزیکانە د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق سەردانی پارێزگای کەرکوک بکات.
عێزەدین مەجید محەمەد جێگری سەرۆکی دیوان لە سەرۆکایەتی کۆمار رایگەیاند: سەرۆک کۆمار لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی کەرکوک دەکات و لەسەر رێبازی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال پشتیوانی خۆی بۆ پارێزگار و ئەنجومەنی نوێی پارێزگاکە دەردەبڕێت .
وتیشی: سەردانی نەکردنی د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراق بۆ پارێزگای کەرکوک لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئامادە نەبووە لەگەڵ راکان جبوری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک کۆببێتەوە و چاوی پێبکەوێت، چونکە ناوبراو مەلەفی گەندەڵی و چەندین یاساشکێنیی لە دژی پێکهاتەکانی شارەکە لەئەستۆدا بووە .
ئاماژەی بەوەشکرد: سەرجەم پارێزگاکانی عیراق بۆ سەرۆککۆمار جێی گرنگیدانن، بەڵام کەرکوک وەک عیراقێکی بچوککراوە وایە، بێگومان گرنگی زیاتری هەیەو لەو ڕوانگەیەشەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزگاکە دەدات لە چوارچێوەی دەستوور و جێبەجێکردنی ماددەی 140، بۆ ئەمەش لە چەند رۆژی رابردوودا نامەیەکی ئاڕاستەی هادی عامری سەرۆکی لیژنەی باڵای ماددەی 140 کردووە و تەئکیدی لە جێبەجێکردنی ماددەکە کردووەتەوە.

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP