یونیسێف 150 هەزار منداڵی عێراقی بۆ پرۆسەی خوێندن ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

عێراق
21:14 - 2024-08-28

لێپرسراوی هەرێمایەتیی رێکخراوی یونیسێفی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، 150 هەزار منداڵی عێراقیمان بۆ پرۆسەی خوێندن گەڕاندووەتەوە.

عومەر وەهاب، لێپرسراوی هەرێمایەتی رێکخراوی یونیسێف لە عێراق، رایگەیاند، بەهۆی پرۆگرامی گێڕانەوە بۆ قۆناغەکانی خوێندن لەساڵی 2023دا، توانراوە ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانە بهێندرێتەوە بۆ پۆلەکانی خوێندن، کە پێشتر دەستبەرداری خوێندنگە ببوون.

ئاشکرایکردووە، لە پارێزگای میسان نزیکەی شەش هەزار حاڵەتی وازهێنان لە خوێندن هەبووە، لە پارێزگای نەینەواش زیاتر لە 13هەزار حاڵەت وەکو نموونەی وازهێنان لە خوێندن تۆمارکراوە.

ئەو بەرپرسەی یونسێف لە عێراق ئاشکرایکرد، لە قۆناغی یەکەمدا توانراوە زیاتر لە 150 هەزار منداڵ بهێندرێتەوە بۆ بەر خوێندن.

بەهۆی هەژاری و بێکاری و جەنگ و ناکۆکییەکان و لەدەستدانی سەرۆکی خێزان، بەشێک لە خێزانە عێراقییەکان بە مەبەستی دابینکردنی بژێوی رۆژانەی خێزانەکانیان، ناچاربوون منداڵەکانیان نەنێرنە قوتابخانە.

بەگوێرەی سەرژمێرییەکی رێکخراوی یونیسێف، لە ماوەی ساڵانی 2020 بۆ 2021، زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵ لە عێراق لە قۆناغەکانی خوێندن هاتوونەتە دەرەوە.

 
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP