لە بیرەوەری خیانەتی ٣١ی ئابدا لە سەرجەم مەکتەب و ئۆرگانەکان و مەڵبەند و کۆمیتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەراسیمی ماتەمی نیشتمانیی رادەگەیەنرێت.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٣١-٨-٢٠٢٤ لەژێر ناوی: (کوردستان ماتەم بۆ شەهیدانی خیانەتی ٣١ی ئاب دەگێڕێت) لەسەرجەم مەکتەب و ئۆرگانەکان، لە مەڵبەندەکانی یەکێتیی و سەرجەم کۆمیتەکان لە بیرەوەری خیانەتی ٣١ی ئابدا مەراسیمی ماتەمی نیشتمانی راگەیەندرا و دەست لەسەر سنگ بۆ رۆحی پاکی شەهیدەکانی ٣١ ی ئاب و سەرجەم شەهیدانی رێگای ڕزگاری کوردستاندا دانرا.
لەتیف نێروەیی بۆ خەڵکی هەولێر: بەدەنگەکانتان خیانەتی ٣١ی ئاب ساڕێژ بکەن
لەو چوارچێوەیەدا لە بارەگای بۆردی راگەیاندنی یەکێتی مەراسیمێک ساز کرا و تێیدا لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی رایگەیاند: "خیانەتی ٣١ی ئاب تەنها دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبوو، بەڵکوو دژی ئیرادەی گەلی کوردستان بووە، چونکە یەکەم شوێن کەپەلامار درا، پەرلەمانی کوردستان بوو، ئاڵای کوردستان هێنرایە خوارەوە، کە شکۆی نەتەوەو نیشتمان بوو، هاوکات پەلاماری هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان دراوە، بۆیە داوا لە خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان دەکەین بە دەنگەکانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن کۆتایی بە قۆرخکاری و تاک ڕەوی و خۆسەپێنی بهێنن و خیانەتی ٣١ی ئاب ساڕێژ بکەن".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP