راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستان ئامانجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ داهاتوو، سەرکردەیەکی دیاری یەکێتیش دەڵێت: "هەوڵدەدەین تای تەرازووەکە راست بکەینەوە".
مەحمود سەنگاوی سەرکردەی دیار و پێشمەرگەی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن ئاماژەی بەوەدا: "ئەو هەموو ماندووبون و قوربانیدانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەخشیویەتی بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی شایستە بووە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵام باروودۆخەکان لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵک و یەکێتیدا نییەو هەوڵدەدەین تای تەرازوو راست بکەینەوە".
"راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی تەنها خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نییەو داواکاری خەڵکی هەرێمی کوردستانیشە، بۆیە هەوڵدەدەین لەپێناو خزمەتی خەڵک ئەو رێڕەوە راست بکەینەوە"، مەحمود سەنگاوی وای وت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامانجێتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا کە ڕۆژی 20-10-2024 ئەنجام دەدرێت، هاوسەنگی هێز بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوەو لەو رێگەیەوە رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی راستبکاتەوە، بۆ ئەمەش بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ داهاتووی هەرێم دڵنیایی دەداتە خەڵک کە هیچ بڕیارێکی سیاسی بێ یەکێتی نایەتەدی و بێ رەزامەندی یەکێتی هیچ لایەنێک ناتوانێت پۆستی سەرۆکی حکومەت بەدەستبهێنێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP