بەرازیلى پڕشکۆ بەرەو شەرمەزارى

وەرزش
15:27 - 2024-09-11

بەرازیلى پڕشکۆ بەرەو شەرمەزارى
ئاکۆ بیبانى
هەڵبژاردەى بەرازیل لە دۆخێکى قورس و دژواردایە کەس بەغیلى پێ نابات ، سامبا لە نێو یاریگا و لاکێشەى سەوزدا شکۆى و هەیبەت و هێزى نەماوە ، ئێستا بەرازیل جگە لە هەڵبژاردەیەکى ئاسایی هیچى دیکە نیە ، 5 ئەستێرەکەى سەر درێسەکەى بەرازیل خۆى بەشەرمەزار دەزانێت ، بەرازیلێک لانکەى تۆپى پی بوو ، بەرازیلێک لانکەى راهێنەران و یاریزانان و بەهرەمەندەمان ئەوا گیرۆدەو کلۆڵ و بێ دەسەڵاتە و دەستەو وەسانە! ئەوە ئەو بەرازیلەیە کە هەڵبژاردەکانى تۆپی پێ بەدەستییەوە گیریان خواردبوو ! ئەو ئاستە لاوازە ئەو بەرازیلەیە کە خاوەن 5 جامى جیهانیە ! ئەوە ئەو بەرازیلەیە کە خاوەن پێلێ و زیکۆ و رۆماریۆ و رۆناڵدۆ و رۆناڵدینۆیە ! هەر بەڕاست ئەمە ئەو بەرازیلەیە کە لە رابردوو بەهۆى سیحر و جادوو و جوڵەى یاریزانەکانییەوە چێژمان لە تۆپى پێ وەردەگرت؟ ئەمە ئەو بەرازیلەیە کە سەردار و گەورەى تۆپى پێى جیهان بوو ؟
ئێستا پێلێ لە نێو ئارامگاکەى بە هۆى شەرمەزارییەکانى هەڵبژاردەى بەرازیلیەوە ڕادەچڵەکێت ! ئێستا ماریۆ زاگالۆ لە تەنیشت پێلێى ئەفسانەوە هەناسەى توند بووەو فرمێسک بۆ ئەو تیمە بێ رۆحە دەکێشێت .
بەرازیل لە ئێستادا سەربارى ئەوەى خاوەنى چەندین ئەستێرەى گەورەى تۆپى پێیە چەشنى ( نەیمار داسیلڤا و فینیسۆس جۆنیۆر و رۆدیگۆ ) بەلام ئاست و ئەنجامەکانى لە پاڵەوتنەکانى کیشوەرى ئەمریکاى باشور بۆ گەیشتن بە دوا یارییەکانى جامى جیهانى هێندە خراپە تەنانەت ترسێک هەیە کە بەرازیلى پڕ لە شکۆ نەگاتە مۆندیال ئەمەش لەکاتێکدا دۆریفاڵى راهێنەرى هەڵبژاردەکە پێش یەک رۆژ دەیوت بەرازیل لایەک دەبێت لە یارى کۆتایی جامى جیهانى بەڵام پاراگوای بە شکستێکى نوی دۆریفاڵى لە خەونێکى حوشترى بە ئاگا هێنایەوەو پێى وت تۆ جارێک سەرکەوتن بۆ جامى جیهانى مسۆگەربکە دواتر پێ لە یارى کۆتایی جامى جیهانى بکوتە .
هەڵبژاردەى بەرازیل لە 8 یارى رابردووى تەنها 3  بردنەوەى هەیە و 4 جار بەرەنگارى شکست بۆتەوەو لە 1 یاریشدا تامى یەکسانبوونى کردوە ئێستاش لە پلەى پێنجەمى ریزبەندیە بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ .
نەیمار داسیلڤا هەمیشە رەخنەى توندى ئاراستە دەکرا گوایە تەنها نمایشى تاکەکەسی دەکات و ئەستێرەیەک نیە تاکو سەرکردایەتى ووڵاتەکەى  بکات بەڵام لە ئێستادا بێ نەیمارێکى ڕوون بە سیماى هەلبژاردەکەوە دیارە و هیچ ئەستێرەیەک نیە تاکو خاوەن کاریزمایەکى گەورە بێت لە یاریگادا خەمى ولاتەکەى لە کۆڵبنات .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP