9 تۆپى زێرین .... ئەستێرەکەى میلان پێش مێسى و رۆناڵدۆ دەکەوت

وەرزش
11:51 - 2024-09-26

9 تۆپى زێرین .... ئەستێرەکەى میلان پێش مێسى و رۆناڵدۆ دەکەوت
ئاکۆ بیبانى

خەڵاتی باڵۆن دۆر بەناوبانگترین خەڵاتی تاکە کەسییە لە تۆپی پێی جیهانیدا و لەلایەن بەشێکی زۆر لە هەودادارانى وەرزش و چاودێرانى تۆپى پێیوە  وەک ستانداردێک بۆ ڕیزبەندیکردنی باشترین ئەفسانەکانى تۆپی پێ بە درێژایی مێژوو سەیر دەکرێت.
دوو یاریزانە ئایکۆنییەکە لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تاکو ئێستا بەتەواوى زاڵبوون بەسەر ئەم خەڵاتە بەناوبانگەدا، تەنها دوو جار  خىڵاتەکە بەخشراوە بە دوو ئەستێرەى تۆپى پێ دوور لە مێسى و رۆناڵدۆ  و بە کەریم بنزیمە و لۆکا مۆدریچ دراوە.
لیۆنێل بەبەدەستهێنانى 8 تۆپى ئاڵتونى ،  ترۆپکى ئەفسانەکانى گرتوە لەکاتێکدا ڕکابەرە پورتوگالیەکەی 5 تۆپی زێڕینى دەستەبەرکردوە .
مارکۆ ڤان باستن و یۆهان کرۆیف و میشێل پلاتینی بە ٣ بردنەوە لە پلەی سێیەمدان، فان باستنى هۆڵەندى یەکێکە لە باشترین یاریزانانى مێژووى تۆپى پێ گەر پێکان رێگرى لێ نەکردایە دوور نەبووە ئێستا خاوەنى 9 تۆپى ئاڵتونى بوایە ، یاریزانە هۆڵەندییەکە لە کاتێککدا تەمەنى تەنها 28 ساڵ بوو خاونى 3 نازناوى باشترین یاریزانى جیهان بووە ، باس لە ڤان باستن ئەفسانەی میلان دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە لە لوتکەی کاروانی هونەری و شکۆمەندی خۆیداو  لە پاژنەی پێیدا،  پێکان بەرۆکى گرت و بێ بەزەییانە پێلاوەکانى پێ هەڵواسى و چیتر رێگەى نەدا بەردەوام بێت لە یاریکردن ، هەرچەندە لە لوتکەى ئاست بەرزیدا بوو ، لەو دەمەدا سیانەیەکى ترسناکى هێرشبەریان لەگەڵ( فرانک ریکارد و رۆد گۆلێت ) دروستکردبوو .
فان باستن سەربارى ئەوەى کاروانى وەرزشى تەنها 28 ساڵ بووە بەڵام هەموو ئەستێرەکانى تۆپى پێى تێپەڕاندوە جگە لە مێسى و رۆناڵدۆ ، فان باستن لە گەڵ یانەى ئەیاکس ئەمستەردام 172 یارى ئەنجامداوە لەو ژمارەش 152 گۆڵى کردوە ، ئەو ئاستە بەرز و سەرنج راکێشەش وایکرد ، میلانى ئیتاڵى لە وەرزى 1987  بیگوازێتەوە بۆ ریزى یانەکەى.
هۆڵەندا خاوەن تەنها نازناوى یۆرۆى ساڵى 1988 ە کاتێک فان باستن سەرکردایەتى ئەو نەوەیەى هۆڵەندییەکانى کرد بۆ بردنەوەى نازناوەکە .

لە ساڵی ١٩٨٨ ڤان باستن یەکەم تۆپی ئاڵتونی بەدەستهێنا و خۆی وەک باشترین یاریزانی جیهان لەو کاتەدا سەپاند بە دووبارەکردنەوەی دەستکەوتی باڵۆن دۆر لە ساڵی ١٩٨٩، پێش ئەوەی نازناوەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ لەدەست بدات، دواتر لە ساڵی ١٩٩٢ بەهێزتر گەڕایەوە و بۆ جاری سێیەم تاجەکەی لەسەرکردەوە .
دوبارەبوونەوەی پێکانەکەی پاژنەی پێیی، فان باستى ناچارکرد بەتەواوى واز لە تۆپى پێ بهێنێت ، گەر زاستنى پزیشکى لەو دەمەدا بەم جۆرەى ئێستا پێشکەوتووبوایە دوور نەبوو تەمەنى فان پاستن لە نێو یاریگاکان درێژتربێت و مێژووى گەورەترى بنوسیایەتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP