لیستی ١٢٩ـی یەکێتی پەیامێک ئاڕاستەی هاووڵاتیانی هەڵەبجەی شەهید ده‌كات

کوردستان
18:48 - 2024-10-01


لیستی ١٢٩ـ ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی هاووڵاتیانی هەڵەبجەی شەهید، دەنگدەرە وشەویسەكا و هۆرامانی دەکات و ئاماژە بەوەدەکات: "بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە رێڕەوی حوكمڕانیی لە هەرێم راست دەكەینەوەو كۆتایی بە ئابڵوقە و سزا و قۆرخکاری سەر هەڵەبجە و ناوچەکانی تر دەهێنین، چونكە خەڵکی هەڵەبجە و كەسوكاری شەهیدانی كیمیاباران و ئەنفال و گۆڕ بزرانی هەورامان و دەوروبەری، شایستەی رێزلێنان و خزمەتكردنێكی زیاترن نەك سزادانیان".

دەقی پەیامەکە...

پەیامی لیستی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) ژمارە (١٢٩) لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە

هاوڵاتیانی هەڵەبجەی شەهید
دەنگدەرە وشەویسەكا و هۆرامانی

هەڵەبجە ناسنامەی مەزڵومییەت و پایتەختی ئاشتی هەرێمی كوردستانە، سەرەڕای ئازاری بۆردومان و شەهیدكردنی پێنج هەزار هاووڵاتی بێ تاوان، بە سەرجەم ناحییە و گوندەكانییەوە، پارێزگایەكی گرنگە، هەروەك لەئێستادا ئارامترین پارێزگای كوردستان و عێراقە.

تایبەتمەندی ئەم پارێزگاریە لەوەدایە كە خەڵكی هەڵەبجە و هەورامان بە دێهاتەكانی كاكەیی نشینیەوە، ئەزموونیان لەگەڵ حوكمڕانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی ناوچەكەیان لە دوای راپەڕین هەیە و دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی و ئیداری ئەوانیان تاقیكردووەتەوە، خۆیان دەزانن لەو سەردەمەی كە هەندێك لایەنی سیاسی لەو دەڤەرە دەسەڵاتدار بوون، دۆخی هەڵەبجە و دەوروبەری بە چ شێوازێك بووە و چ جۆرە مۆدێلێكی حوكمڕانی بەسەر هاووڵاتیانی ناوچەکەدا سەپێنراوە ..

ئێستاش پارێزگاكە بە رابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەرووی ئیداری، ئاوەدانكردنەوەی دێهاتەكان، بازرگانی، گەشتوگوزاری، گەشەكردنی كەرتی كشتوكاڵی، هەنگەوانی،  ئاژەڵداری، پەروەردەیی، خوێندنی باڵا و ئازادی سیاسی و لایەنی ئەمنی و بوارەكانی دیكە، لە چ ئاستێكی باشدایە.

دەنگدەرانی بەڕێز، هەرچەندە لە بەرنامەی ئێمەدا بوو خزمەتی زیاتر پێشكەشی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتوانەكەی بكەین، بەجۆرێک لە ئاست قوربانیدانی هەڵەبجەییەكاندا بێت، بەڵام بەهۆی ئەو سزایانە و تاکڕەوی ئیدارەدان كە لایەنێكی كوردستانیی دەسەڵاتدار بەسەر پارێزگای هەڵەبجەدا سەپاندویەتی، بەداخەوە نەمانتوانی تەواوی پلانەكەی خۆمان بە باشی جێبەجێ بكەین، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا بە پشتیوانی دەنگدەرانی ئەم پارێزگایە و پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە رێڕەوی حوكمڕانیی لە هەرێم راست دەكەینەوەو كۆتایی بە ئابڵوقە و سزا و قۆرخکاری سەر هەڵەبجە و ناوچەکانی تر دێنین، چونكە خەڵکی هەڵەبجە و  كەسوكاری شەهیدانی كیمیاباران و ئەنفال و گۆڕ بزرانی هەورامان و دەوروبەری، شایستەی رێزلێنان و خزمەتكردنێكی زیاترن نەك سزادانیان.

جەماوەری پارێزگای هەڵەبجە
دەنگدەرە وشەویسەكاو هۆرامانی

ـ بۆ ئەوەی ئەو ئاوەدانی و ئازادی و ئارامییەی لە هورامان و سەجەم سنوری پارێزگای هەڵەبجە هەیە، بەردەوام بێت و گەشەی زیاتری پێ بدەین، دەنگ بە یەكێتی بدەن.

ـ بۆ ئەوەی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا و كێشەی مووچەی فەرمانبەران لەڕێی دانوستان و بە پشتبەستن بەدەستوری هەمیشەیی بە یەكجاریی چارەسەر بكرێت، دەنگ بە یەكێتی بدەن.

ـ بۆ ئەوەی پشك و شاییستەی یاسایی و ئیداری پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێم و بەغدا فەراهەم بكرێت، دەنگ بە لیستی یەكێتی بدەن.
ـ بۆ ئەوەی كۆتایی بە سزاكانی سەر پارێزگای هەڵەبجە بێت، دەنگ بە یەكێتی بدەن.

ـ بۆ ئەوەی رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێم راست بكەینەوە و حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەر پێكبهێنین، دەنگ بە یەكێتی بدەن، چونكە ئەو ئارامییەی لەلایەن یەكێتییەوە بۆ سنوری پارێزگای هەڵەبجە فەراهەمكراوە بە هیچ هێزێكی دیكە نەکراوە و ناكرێت. ئەو گەشەكردنە هەمەجۆرەی لەسەردەم و لە سەردەستی یەكێتی لە سەرجەم بوارەكاندا بەخۆیەوە دەیبینێت، لە هیچ سەردەمێكی دیكە و لەلایەن هیچ هێزێکی دیکە بەخۆیەوە نەبینیووە.

ـ یەكێتی هێزە و دەنگ بە هێزێك بدەن كە بە (بەهێزی)یەوە بەرگری لە مافەكانتان بكات و خزمەتتان بكات و بتانپارێزێت، هەڵەبجە بكاتە پارێزگایەكی نموونەیی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق.

بۆ پێشەوە بەرەو سەرخستنی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

بە دەنگی ئێوە، بە ئیرادەی ئێوە، بە پشتیوانی ئێوە دەتوانین هەرێمێکی بەهێزی ئازاد و سەقامگیر و پڕ لە خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بۆ خەڵکی کوردستان ، بەتایبەت بۆ ناوچەکەمان مسۆگەر بکەین.

لە کۆتاییدا دەڵێین... هەڵەبجە بەهێزە و لەگەڵ هێزێکی وەکو یەکێتی بەرەو سەرخستنی لیستی ژمارە (١٢٩) و  راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێت.

لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ژمارە ( ١٢٩) بازنەی پارێزگای هەڵەبجە

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP