بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ١٤ هەزارو ٦٤٦ رێكخراو و راگەیاندنی نێودەوڵەتی و كونسوڵگەری و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و حزب و چاودێری ناوخۆ و رێكخراوی ناوخۆیی چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.
پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن ٣٥ رێكخراو و راگەیاندنی نێودەوڵەتی و ١٣ كونسوڵگەری و ١٢ هەزاو ٩٧٢ نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و ١٥ حزب و هەزارو ٩٨ چاودێری ناوخۆ و ٢٨ رێكخراوی ناوخۆییەوە چاودێریی دەكرێت كە بڕیارە ٢٠-١٠ی ئەمساڵ بەڕێوەبچیت و ئێستا لە هەفتەی كۆتایی بانگەشەی لایەنەكاندایە، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە لیستی ١٢٩ بەشداری كردووە و دروشمی سەرەكی :" كۆتایی بەدەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین"ە.
بەگوێرەی ئەو داتا و زانیارییانەی كە جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی ناردووە رایگەیاندووە: "بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە پارێزگای هەولێر هەزارو ٣٤٣ نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و ٣ حزب و ٢٢٦ چاودێری ناوخۆو ٩ رێكخراوی ناوخۆیی چاودێری پڕۆسەی دەنگدان دەكەن".
"لە پارێزگای سلێمانی ٢ هەزارو ٦٢٦ نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و ٣ حزب و ١٢٠ چاودێری ناوخۆو ٨ رێكخراوی ناوخۆیی چاودێری پڕۆسەكە دەكەن" جومانە غەلای وادەڵێت.
راشیگەیاند: "لە پارێزگای دهۆك بۆ رۆژی دەنگدان ٦ هەزارو ٧٣٥ نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و ٧ حزب و ٧٧٢ چاودێری ناوخۆو ١١ رێكخراوی ناوخۆیی چاودێری پڕۆسەكە دەكەن".
وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق وتیشی: "لە پارێزگای هەڵەبجە ٢٦٥ نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و ٢ حزب چاودێری دەنگدان دەكەن".
هەر بەگوێرەی ئەو داتا و زانیارییانەی كە وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ PUKMEDIA ی ناردووە: "١٨ چاودێری نێودەوڵەتی و ١٧ رێكخراوی نێودەوڵەتی و ١٣ كونسوڵگەری وڵاتان چاودێری پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن".
بڕیارە رۆژی ٢٠-١٠-٢٠٢٤، هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بە دروشمی (كۆتایی پێدەهێنین.) و بەلیستی ١٢٩ و بە ١٧٢ كاندیدەوە كەبەسەر چوار بازنەدا دابەشبوون بەشداری هەڵبژاردن دەكات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP