پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و مامۆستایان و خوێندکارانی خۆشەویست دەکەین، بە بۆنەی بە دەستهێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق ، ئەم دەستکەوتە زانستییە شانازییەکی گەورەیە بۆ کوردستان بەگشتی و شارە حەیاتەکەی سلێمانی، بەتایبەتی .
زانکۆی سلێمانی ،وەک دایکی زانکۆکانی کوردستان کە ساڵی ١٩٦٨ لەسەر پێشنیاز و کۆششی سەرۆک مام جەلال دامەزراوە لە مێژوی خزمەتی زانستی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خۆیدا،هەمیشە پێشڕەو و یەکەمینە و خەرمانی داهێنان و زانستی پڕ بەرهەم و داهێنان بووە.
لەم رێرەوە گەشەکردووەدا سەرەرای بەربەستە سیاسیی و شۆڤێنییەکانی بەردەمی لە رۆژگاری رژێمی بەعسدا ، ساڵی ١٩٩٢ ، دوای راپەڕینی کوردستان ، گەڕایەوە کۆڕی خزمەت بە رۆڵەکانی گەلەکەمان لە کچان و کوڕانی کۆمەڵی کوردەواری و بووە وێستگەیەکی درەوشاوەی زانست و زانیاری کە وا زیاتر لە سێ دەیەیە چەندین نەوەی خوێندەوار و پێگەیشتووی پێشکەشی رەوتی گەشەکردنی وڵاتەکەمان کردووە و بۆتە بڕاندێکی جێی شانازی بۆ شاری سلێمانی لە کوردستان و عێراق و دەرەوەشدا .
لەم سۆنگەیەوە و بەرەچاوکردنی پێگەی روناکبیری و زانستی و رۆڵ و ناوبانگی زانکۆی دایک لە بزووتنەوەی خوێندکاری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی گەلەکەشماندا ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چ لەرێی حکومەت و چ وەک حزبیش هەمیشە پاڵپشتی زانکۆی سلێمانی بووەو دەبێت . بەتایبەتی سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی کە لەم رێگا دروستەدا ،سەرەڕای جیاکاری و گەمارۆی سەر سلێمانی، درێغی نەکردووە و ناکات لەوەی ئاوەدانی و بوژانەوە، لەم زانکۆ ئازیزەدا لەسەر هیچ بەربەست و بیانووەیەک، پەک نەخرێت.
جارێکی تر پیرۆزە لە سلێمانی گەشاوەو زانکۆ هەمیشە گەشاوەکەی.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٩-١٠-٢٠٢٤
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP