بازنەی سەنگاوی گۆڕان هاتنه‌وه‌ نێو ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی یه‌كێتی

کوردستان
15:52 - 2024-10-15


تەواوی هەڵسوڕاو و کادرانی بازنەی ناحیەی سەنگاوی بزووتنەوەی گۆڕان گەرانەوە ناو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوەو لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش پێیڕاگەیاندن: "حزب بەچاوی رێزو پێزانینەوە لە خەبات و ماندووبوونتان دەڕوانێت".

ئەمڕۆ  15_10_2024، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەگای ئەنجومەن پێشوازیکرد لە هەڵسوڕاو و کادرانی بازنەی ناحیەی سەنگاو-ی بزووتنەوەی گۆڕان و  وێرای بەخێرهێنانی گەرم پێیڕاگەیاندن:" ئێوەو خانەوادەکانتان کۆمەڵێک تێکۆشەرن و فیداکاریی و قوربانیی زۆرتان داوەو خۆتان خاوەنی یەکێتی و بەشێکی زۆر لە دەستکەوتەکانی میللەتەکەمانن و، حزب بەچاوی رێزو پێزانینەوە لە خەبات و ماندووبوونتان دەڕوانێت".
 شێخ جەعفەر داوایکرد:" هەمووان تێبکۆشین بۆ سەرخستنی بەرنامە و تێڕوانینەکانی، لەپێش هەمووشیانەوە راستکردنەوەی شێوازی حوکمڕانی هەڵەو پڕ لە کەموکورتی هەرێم و دابینکردنی ئازادییەکان بۆ خەڵکی کوردستان، ئەوەش بەوەدەبێت لەرۆژی هەڵبژاردندا، خۆمان و کەسوکارو دەوروبەرمان رووو لەناوەندەکانی دەنگدان بکەین و دەنگ بدەین بە لیستی 129ی یەکێتی".

لەبەرانبەردا، هەڵسوڕاوانی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ بەرنامەو ئەجیندای نیشتمانی و نەتەوەییانەی یەکێتی دووپاتکردەوە و رایانگەیاند، پێشتر لەبەر کۆمەڵێک هۆکار ریزەکانی یەکێتیمان جێهێشتووە کە ئێستا ئەو هۆکارانە نەماون و یەکێتی بووەتەوە بە تاکە ئومێدمان، هەر بۆیە شانازی بەیەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە دەکەین و هەموو توانایەکمان بۆ سەرخستنی بەرنامەکەی و لیستی 129 دەخەینەگەڕ.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP