شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هه‌رێمی كوردستان پێویستی بە چاكسازی و ریفۆرمی سیاسییه‌

کوردستان
16:17 - 2024-10-15


شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایدەگەیەنێت: "هەڵبژاردن، بەشدارییەكی مەدەنییە بۆ بەدیهێنانی شەراكەتی راستەقینە لەحوكمڕانیدا، بۆیە بەشداریكردن لەم پڕۆسەیەدا، تاكە رێگایە بۆ سازدانی گۆڕانكارییەكی سیاسی؛ فاكتەرێكە بۆ ئاڵوگۆڕو دەستاودەستكردنی دەسەڵات و هێنانەدی سەروەری یاساو كۆتایی هێنان بە كولتووری خۆسەپاندن و قۆرخكاری سیاسی".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی پەیامێك ئاڕاستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و دەنگدەران دەكات و رایدەگەیەنێت: "چەند ڕۆژێكی تر، هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەیەكی چارەنووسسازدا بەرەو سندوقەكانی دەنگدان بەڕێدەكەون بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئایندەی سیاسی و گۆڕانكاری حوكمڕانی هەرێمەكەمان گرنگییەكی زۆری هەیە، بەوپێیەی خەڵكی كوردستان ساڵانێكە بە ئومێدی گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسیی و كۆتاییهێنان بە حوكمڕانی تاكحزبی، جیاوازی و نادادی لە دابەشكردنی داهات و خزمەتگوزارییەكان بە پەرۆشەوە لە چاوەڕوانی ئەم هەڵبژاردنەدان".

ئاماژە بەوەشدەكات: "گرنگترین كۆڵەكەی سیستەمی دیموكراسی پەنابردن بۆ بڕیاری گەل. هەڵبژاردن، بەشدارییەكی مەدەنییە بۆ بەدیهێنانی فرەیی سیاسی و شەراكەتی راستەقینە لەحوكمڕانیدا. مێژووی ئەم ئەزموونە دیموكراسییە لە هەرێمەكەماندا، كە لەدوای راپەڕین  مەزنەكەی گەلەكەمان بە هەڵبژاردنی  رۆژی ١٩-٥-١٩٩٢ دەستپێكرد، بە یەكێك لە سیما دیموكراسی و مەدەنییەكانی هەرێمەكەمان دادەنرێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دەمارگیری سیاسی و  تاكڕەوی حیزبییەوە، دۆخی ئێستای هەرێمەكەمان لە ئاست داخوازی و چاوەڕوانی میللەتەكەماندا نییەو پێویستی بە چاكسازی و ریفۆرمی سیاسی هەیە".

لەدرێژەی پەیامەكەیدا ئاماژە بەوەشدەكات: "بەشداریكردن لەم پڕۆسەیەدا، تاكە رێگایە بۆ سازدانی گۆڕانكارییەكی سیاسی؛ فاكتەرێكە بۆ ئاڵوگۆڕو دەستاودەستكردنی دەسەڵات و هێنانەدی سەروەری یاسا و بەرجەستەكردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان. دەبێت ئەوەشمان لەیاد نەچێت چ هێزێك دەتوانێت ئەو گۆڕانكارییانە ئەنجام بدات و كۆتایی بە كولتووری خۆسەپاندن و قۆرخكاری سیاسی بهێنێت، كە دژ بە پرەنسیپ و چەمكە هزرییەكانی دیموكراسین و ساڵانێكی زۆرە هەرێمی كوردستان بەدەستییەوە دەناڵێنێت".

لە كۆتایی پەیامەكەدا راشیدەگەیەنێت: "بۆ پاراستنی دەستكەوتە نەتەوەیی و سیاسی و مەدەنییەكانی گەلەكەمان، بۆ رێگریكردن لەتاكڕەوی سیاسی و گەڕاندنەوەی مافە زەوتكراوەكانی خەڵكی كوردستان، با لەم پایزەدا، سندووقەكانی دەنگدان سەوز بكەین و ژیانێكی شایستەتر بۆ هاووڵاتیانی هەرێمەكەمان دەستەبەر بكەین، سەركەوتن بۆ لیستی ١٢٩، لیستی حیزبی شەهیدان".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP